ئەو 25 گەنجە کوردەی لە لیبیا ئازادکران گەڕانەوە هەرێمی کوردستان
ئەم بەیانییە گەیشتنەوە
ئەو 25 گەنجە کوردەی لە لیبیا ئازادکران ئەمڕۆ گەڕانەوە هەرێمی کوردستان
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەو 25 گەنجە کوردەی لە لیبیا ئازادکران لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم بەیانییەی چوارشەممە 10.9.2025 بڵاویكردەوە، سروە رەسول بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەمەهانگیی قەیرانەکان و سەلیم پاشا راوێژکار لە فەرمانگەی پەیوەندییەکان و عەبدولخالق محەمەد بەڕێوەبەری پەیوەندی و راگەیاندنی فەرمانگە پێشوازیان لە گەنجەکان کرد و دکتۆر و پێداویستی پزیشکییان بۆ دابین کردن.
بە گوێرەی راگەیاندراوەكە، گەنجەكان بە سەلامەتی بە خاکی وڵات شادبوونەوە دوای ئەوەی زیاتر لە پەنجا رۆژ لە گرتووخانەکانی لیبیا دووچاری ئازار و مەینەتی زۆر ببوونەوە.
هەروەها هاتووە، كە بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەمەهانگیی قەیرانەکان، سوپاسی هەوڵەکانی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عیراقی لە لیبیا کرد، کە توانیان ئەو گەنجانە بدۆزنەوە و ئازادیان بکەن و پاسپۆرتیان بۆ دابین بکەن، هەروەها سوپاسی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی دەكەن، کە ئەرکی گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانەی لە ئەستۆ گرت.
ئەو گەنجانە لە رێگەی چوون بۆ ئەوروپا لە لیبیا دەستگیركرابوون.