بیناى پەرلەمانى نیپاڵ لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێندرا
سەرۆکوەزیران دەستى لەکارکێشایەوە
لە نیپاڵ وەزعەکە شڕە؛ بیناى پەرلەمان سوتێندرا
964+
وریا فەتاح
لەژێر کاریگەرى خۆپیشاندانە بەرفراوانەکەى هاوڵاتیانى وڵاتەکەى، خادگا پراساد شارما ئۆلی، سەرۆکوەزیرانى نیپاڵ دەستى لەکارکێشایەوە، بیناى پەرلەمانیش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێندرا.
لە دوێنێوە هاوڵاتیانى نیپاڵ دژى گەندەڵى دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و تاوەکو ئێستا لانیکەم 19 کەس کوژراون و زیاتر لە 100 کەسى دیکەش بریندارن.
سەرەڕاى ئەوەى حکومەت بۆ بەرگرتن بە خۆپیشاندان قەدەغەى هاتوچۆى راگەیاند، بەڵام ئەمڕۆ خۆپیشاندەران توندوتیژیان نواند و دەستیان بەسەر بیناى پەرلەماندا گرت و ئاگریان تێبەردا، پێشتریش، خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەی گەورەترین پارتی وڵات، پارتی کۆنگرێسی نیپاڵی، و ماڵی چەندین سیاسەتمەداری دیار.
خۆپیشاندانەکان کە زۆربەیان لەلایەن گەنجانەوە بەڕێوەدەچن توڕەیی خۆیان دژی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن دەردەبڕن.
پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی پلاستیکی بەکارهێناوە، کە بووە هۆی پێکدادانی توند و بەهۆی توندوتیژییەکانەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کاتماندۆ بەشێوەیەکی کاتی داخرا.
دەستلەکارکێشانەوەی ئۆلی لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی و ئابووری سەخت بووەتەوە و خۆپیشاندەرانیش بە توندوتیژانە خۆپیشاندانەکانیان بەڕێوە دەبەن.