بارى دەروونى تەواو نییە

فریاى بکەون؛ ئاوساوە و بەڕووتى لەبەردەم شوقەکانى کارێزە وشک فڕێدراوە

964+

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانى

کەسێک کە بارى دەروونى تەواو نییە، لەبەردەم شوقەکانى کارێزەوشک لە شارى سلێمانى، بەڕووتى فڕێدراوە شوێنەکەى پیس کردووە و گرفتى بۆ دانیشتوانى شوقەکان دروست کردووە.

دانیار دانا، دانیشتوویەکى شوقەکانى کارێزەوشکە و ئەو کەسە لەبەردەمى دەرگاى ماڵیان فڕێدراوە، دانیار حاڵەتەکە بە تراژیدیا ناو دەبا و بە 964ـى وت،”ئێمە چەند بۆ حاڵى خۆمان گرفتارین، ئەوەندەش بۆ حاڵى ئەو کەسە، چونکە لەرووى ئینسانییەوە دیمەنێکى ترسناکە و کەسەکە جوێن دەدات و شوێنەکەى پیسکردووە، تەنانەت نایەڵم دایکم بێتە دەرەوە و دیمەنەکە ببینێت”.

کەسەکە هەموو گیانى رووتە و جلوبەرگى لەبەر نییە، جگە لەوەى بارى دەروونى تەواو نییە، جەستەى ئەستوور بووە و پێویستى بەچارەسەرى بەپەلە هەیە.

شێخ هادى حوسێن، پیاوێکى ریشسپى دانیشتووى شوقەکانى کارێزە وشکە، بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”ئەو کەسە سەرەتا بارى دەروونى باشبوو، دەهاتە مزگەوت و کێشەى نەبوو، دواتر دۆخى خراپ بوو و خێزانەکەشى بەهەمانشێوە بارى دەرونیان باش نییە و کوڕەکەیان فڕێداوەتە بەردەم شوقەکان”.

دانیشتوانى ئەو شوقانە نیگەرانن لە بینینى دیمەنەکان، وە باسى دەکەن، ئەو کەسە پێویستى بە چارەسەرە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەهانایانەوە بێن، هەم کەسەکە و هەم دانیشتوانى ئەو شوقانەش رزگار بکەن.

دیمەنەکانى ئەو کەسە بەشێوەیەکن کە 964 ناتوانێت بەبێ پەردە بڵاویان بکاتەوە، بەڵام ئەوەى هەیە کەسەکە لەبەر گەرما و لەسەر شۆستەیەکى رەق و لەو گەرمایە بەبێ جل و بەرگ راکشاوە و دەورووبەرى خۆى پیسکردووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

منداڵێکی تازە لەدایکبوو بەفڕێدراوی دۆزرایەوە

منداڵێکی تازە لەدایکبوو بەفڕێدراوی دۆزرایەوە