مامۆستایەک بە بەرنامەی کاتژمێر سفر سەرسامە
یادی مەولود لە خانەقای بیارە کرایەوە
964+
ئەمەل ناجی – بیارە
رێوەڕەسمەکانی جەژنی مەولود لە ناوچەکانی کوردستان تائێستاش بەردەوامە و ئەمڕۆ یادەکە لە خانەقای بیارە بە بەشداری سەدان کەس بەڕێوەچوو.
خانەقای بیارە لە ساڵی 1889 لەسەر دەستی (شێخ عومەر زیائەدین) درووستکراوە، و هەر لەو سەردەمەوە هەتا ئێستاش مەڵبەندی پێگەیاندنی سەدان و هەزاران زانا و کەسایەتی ئایینی بووە، لە هەموو جیهانەوە کەسایەتی و زانای ئایینی سەردانیان کردووە، لەوێ خوێندوویانە و لەبەر گرنگی پێگە ئایینیەکەی، نازناوی ئەزهەری کوردستانی لێنراوە.
ئامانج ژاژڵەیی، نوسەر و شارەزای ئەدەبی عیرفانی لەسەر گرنگی خانەقای بیارە قسەی بۆ مایکی 964 کرد و وتی، “خانەقای بیارە هەر لە کۆنەوە هەتا ئێستا مەرکەزی عیلم و عیرفان بووە، عیرفان بەو مانای پەروەردەکردنی ئینسان لەڕێی ئەخلاقەوە، عیلمیش بە مانای پەروەردەکردنی ئاگایی مرۆڤ لەڕێی زانستی ئایینیەوە، لە خانەقای بیارەوە باشترین مامۆستاکانی مێژوو لەسەردەستی شێخانی نەقشبەندی پێگەیشتوون و بوون بە زانای ئایینی بەناوبانگ”.
بە وتەی ئامانج ژاژڵەیی، هەر یەک لە شێخ عەبدولقادری جەزائیری، عەللامەی نۆدشی، مامۆستا موسەنیم، مەولەوی شاعیر، مامۆستا مەلا نەزیر، مامۆستا مەلا قادری گەورە، مەلا باقری بارک کە پێی وتراوە شافیعی زەمانی خۆی، لە خانەقای بیارەوە پێگەیشتوون.
ژاژڵەیی موتابعەی بەرنامەکانی 964 دەکات و بەتایبەتیش بەرنامەی کاتژمێر سفر، لەوبارەیەوە وتی، “سەیری هەموو بەرنامە و کارەکانتان ئەکەم و زۆر سەرسامی بەرنامەی (کاتژمێر سفر)م، ئەو شارەزا سەربازییەی کە بابەتەکان شیدەکاتەوە زۆر شارەزا و وردە لە زانیارییەکانیدا و لە هەموو بوارەکاندا زانیاری زۆر باشی هەیە، هیوادارم بەو شێوەیە بەردەوام بن و کەسانی شارەزا بکەنە میوانی بەرنامەکانتان هەتا ئێمەی بینەریش سوودمەند بین لە زانیارییەکانی ئەو کەسە شارەزایانە”.
بەرنامەی کاتژمێری سفر لەلایەن پێشکەشکار توانا نەقی و بە میوانداری عەقید سەلام ئەسعد راوێژکاری سەربازیی 964 هەفتانە پێشکەش دەکرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆرش قادری