ناوچەکەیان لە چەکدارانی داعش نزیکە
تورکمانەکانی تازە: رێگە نادەین رۆڵەکانمان بگوازرێنەوە
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
بڕیارە ژمارەیەک لە پۆلیسی ناحیەی تازە و گوندی بەشیر بگوازرێنەوە و بەبێ ئەوەی پۆلیسی دیکە بخرێتە شوێنیان، دانیشتووانی ناحیەکەش داوادەکەن ئەو بڕیارە رابگیرێت، بەو پێیەی ناوچەکەیان ناوچەیەکی گەرمی ململانێیەکانە و چەندین جار چەکدارانی داعش پەلاماریان داون و دەیانیان لێیان کوشتوون.
مەهدی قاسم، موختاری گوندی بەشیر بە 964ـی وت، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە بەو بڕیارەدا بچنەوە، چونکە گوندی بەشیر و ناحیەی تازە بەردەوام قوربانی داوە و بە چەکی کیمیاوی و موشەک لێیدراوە، دوو بنکەی پۆلیسمان هەیە، بنکەی تازە کە پاراستنی ناو ناحیەکە و دەوروبەری لە ئەستۆیە، گوندی بەشیریش ناوچەیەکە جموجوڵی لەسەرە و نزیکەی 30 کیلۆمەتر دەبێت، 14 بازگە و خاڵی پشکنینمان هەیە، هەر بنکەی 60 پۆلیسی تێدایە، ئەو پۆلیسانە لە ناو بنکەیە بمێننەوە یان لە بازگەکان یان رێکخستنی ناو ناحیەکە یا بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ بکەن بۆ گرتنی تاوانباران.
هەروەها دەڵێت، ناوچەکەمان ناوچەیەکی گەرمە و پشتی کراوەیە بە رووی چیای مەکحول و فەتحە، جموجوڵی چەکدارانی داعش هەیە لە سنوورەکەدا، فەرماندەی پۆلیس هەرجارێک دێنە سەرمان داوای ژمارەیەک پۆلیس دەکەن و دەیانگوازنەوە، پێویستە بچن پۆلیسی ئەو ناوچانە ببەن، کە سەقامگیرە.
ئەحمەد ئەسغەر رێکخەری گردبوونەوەکە، بە 964ـی وت، ئێمە وەک دانیشتووانی ناحیەی تازە و گوندی بەشیر، رێگە نادەین پۆلیسەکانمان بگوازرێنەوە، چونکە پێشتر بەر لە ساڵی 2014 ژمارەیەک پۆلیسی ناحیەکە گوازرانەوە، بینیمان چەکدارانی داعش هێرشیان کرد و ژمارەیەک شوێنیان داگیرکرد، لە ناویاندا گوندی بەشیر، وابڕوات هیچ ئەمان و سەقامگیریەک نامینێت لە ناوچەکە.
بە پێی زانیارییەکانی 964 ، ژمارەی ئەو پۆلیسانەی بڕیاری گواستنەوەیان بۆ دەرچووە، نزیکەی 40 پۆلیسن و بە دوو قۆناغ دەبردرێن بۆ پێکهێنانی فەوجێکی نوێ بە ناوی سەپاندنی یاسا، 964 چەند جارێک هەوڵی دا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی شارەکە قسە بکات، بەڵام بە بیانووی ئەوەی بڕیارەکە لە وەزیری ناوخۆوە دەرچووە، بۆیان نییە قسەی لەسەر بکەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا