دوو شارەزای كەشناسی بۆ 964

وردەكاری گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای كوردستان و ئەگەری بارانبارین چۆنە؟

964+

محەمەد فاتیح

دوو شارەزای كەشناسی لە هەرێمی كوردستان و عێراق، لە لێدوانیاندا بۆ 964، هاوڕابوون لەسەر دەستپێكردنی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لە هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی، پێشبینییەكانی خۆی لە رێگای 964 وە خستەڕوو، كە لە 15ـی ئەم مانگە بەدواوە پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان دادەبەزن، بەهۆی نزیكبوونەوە لە وەرزی پاییز، كە لە پاش 21ـی مانگەوە دەستپێدەكات.

دەشڵێت:

-پێشبینی دەكەین، ناوچەكانی كوردستان بە گشتی و سەرتاسەر، لەخوار 40 پلەی سیلزییەوە بێت بە گەرمیانیشەوە.

-بە رۆژ كەشوهەوایەكی فێنك باڵ دەكێشێت بەسەر هەرێمی كوردستاندا و بە شەویش كەشوهەوایەكی تەواو خۆش و فێنك.

-لە ناوچە شاخاوییەكاندا هەست بە نیمچە سەرماش دەكرێت.

پێشی وایە هیچ پێشبینییەكی بارانبارین نییە بۆ ناوەڕاستی مانگ و تائێستاش هیچ ئەگەرێك نییە لە 14 و 15 و 16ـی ئەم مانگە باران ببارێت، بەڵام لە 19 بۆ 20ـى ئەم مانگە ئەگەرێك هەیە بە 25 بۆ 30% كە لە سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان، واتا سنووری نێوان حاجی ئۆمەران و سەردەشت و بانە و مەریوان هەندێك بارانی كەم ببارێت رەنگە بڕەكەشی لە دوو ملم يان سێ‌ ملم تێپەڕ نەكات ئەویش ئەگەرێكە لە 20 مانگ.

“وەكو خودی خۆم پێشبینی ناكەم لەم مانگەدا باران لەناو هەرێمی كوردستان ببارێت رەنگە لە ناوەڕاستی مانگی 10 لە ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان و لە كۆتایی مانگی 10 یان سەرەتای مانگی 11 لە سەنتەری شارەكانی كوردستان ببارێت” محەمەد كەمال واى وت.

سادق عەتییە، شارەزای كەشناسی بەناوبانگی عێراق، قسەی بۆ 964 كرد و بەهەمان شێوەی محەمەد كەمال پێشبینیكرد، لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا، گۆڕانكاری لە كەشوهەوای هەرێمی كوردستاندا دروست ببێت و پلەكانی گەرما دادەبەزن و دەچێتە خوار 40 پلەی سیلزی.

وتيشى، پێشبینی بارانبارین دەكرێت، بەڵام تەنیا پڕوشكە باران، یان نمە باران دەبارێت، رەنگە ئەوەش هەر روونەدات، چونكە بارانەكە هێندە كەم دەبێت، پێدەچێت هەر لە ئاسماندا بتوێتەوە و نەگاتە سەر زەوی هەرێمی كوردستان.

هه‌فته‌ی داهاتوو باران ده‌بارێت

هه‌فته‌ی داهاتوو باران ده‌بارێت