بازیان

ژمارەیەك خۆبەخش بەهەرەوەزی كێل بۆ گۆڕستان دروست دەكەن

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لەگەڕەكی ئاشتی قەزای بازیان، بەكارێكی هەرەوەزی ژمارەیەك لە پیاوانی گەڕەك قۆڵی مەردایەتیان لێهەڵماڵیوە و بە خۆبەخشی كێلی قەبریان بۆ گۆڕستانی قەزاكەیان دروست كرد.

شەهاب كەریم, یەكێكە لە خۆبەخشەكان و قسەی بۆ 964 كردووە و وتی، ساڵانە دوو بۆ سێ جار بەهەرەوەزی رۆژانی هەینی پیاوانی گەڕەك كۆدەبینەوە و كێل بۆ گۆڕستانی قەزای بازیان دروست دەكەین، سەرجەم كارەكانیش بە خۆبەخشییە.

دەشڵێت، ژمارەی خۆبەخشەكان نزیكەی 20 كەسین و دانیشتووی گەڕەكی ئاشتی قەزاكەین، هەرجارەو بە پێی پێویستی گۆڕستانەكە ژمارەیەك كێل دروست دەكەین.

“سەرەتا چەند جەبلەیەك چیمەنتۆ دەگرینەوە و حازری دەكەین، دواتر لەمسەر بۆ ئەوسەری گەڕەك نایلۆن رادەخەین و كێلەكانی بە قاڵب لەسەر دروست دەكەن، ئەمجارەیان جەبلەكەمان 215 كێلی قەبری لێدەرچوو و لە بەرە بەیانەوە خەریك بووین تا نزیك نوێژی هەینی كارەكەمان تەواو كرد.” شەهاب کەریم وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو، قاڵبی كێلەكان چەند رۆژێك لەناو گەڕەكەكە دەمێنێتەوە و خەڵك بەخێری خۆی دەیڕشێنن و ئاوی كێلەكان دەدەن تا خۆی دەگرێت، دوای تەواوبوونی رەوانەی گۆڕستانی قەزای بازیانی دەكەن و خاوەن مردووانی گۆڕستانەكەش بێ بەرامبەر بۆ گۆڕی ئازیزانیان بەكاریدەهێنن.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

دانیشتووانى چەند گوندێک بە خۆبەخشى پردێکى رووخاویان چ...

دانیشتووانى چەند گوندێک بە خۆبەخشى پردێکى رووخاویان چاککردەوە