بەدواداچوون کراوە
“بۆنەکەی شارەزوور زوڵمە و خەڵک ناتوانن هەوا هەڵبمژن”
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
چەند ساڵێکە و ماوە ماوە بۆنێکی ناخۆش هاوشێوەی بۆنی غاز و نەوت لە قەزای شارەزوور و دەوروبەری بڵاودەبێتەوە، ساڵی رابردوو کارگە پیشەسازییەکانی ناحیەی عەربەت بە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی بۆنەکە دەستنیشان کرا.
ئەوەبوو، ژمارەیەک کارگە لەکارکردن راگیران دوای چەند مانگێک دیسانەوە بۆنەکە بەرۆکی شارەزووی گرتووەتەوە.
ئەگبەر غەریب، ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان ئەمڕۆ سەردانی قەزاکەی کردووە و بە 964 وت، نزیکەی 8 مانگە بەدواداچوونمان کردووە بۆ بڵاوبونەوەی بۆنە ناخۆشەکەی شارەزوور، بۆمان دەرکەوتووە دوکەڵی ئەو کارگانەن کە لە سنووری ناحیەی عەربەتن.
ئەو دەڵێ، چەند جارێک بەشەو سەردانی شوێنەکەم کردووە و کارگەکانمان دەستنیشان کردوون، دواتر ئێمە دەچووین ئیشیان دەوەستان، وە کارگەکەمان داوە بەدادگا و بە مەرجی دانانی فلتەر دەستیان پێ کردووەتەوە، بەڵام دواتر فلتەرەکانیان گۆڕیوەوە و دەستیانکردووەتەوە بە ئیشکردن، دوای چەند مانگێک هەمان بۆنیان بلاوکردووەتەوە.
ئەگبەر غەریب وتی، 121 کارگە لەسنوری ناحیەی عەربەت هەیە، لەرووی یاساییەوە دەبێت 10 کیلۆمەتر لە شوێنی نیشتەجێبوونەوە دووربن، بەڵام ئەم کارگانە زۆر لە هاوڵاتییانەوە نزیکن و ئەوەش مەترسیە بۆسەر ژیانیان، ئەو دووکەڵەی لە کارکەگان دەرەچێت غازی قورسن و زەرەر و زیانی تەندرووستی زۆری هەیە.
هاوڵاتییانی شارەزوور ناتوانن لەماڵەکانی خۆیاندا هەوا هەڵبمژن، ئەمە زوڵمێکی گەوەرەیە، بەم هاوینە هاوڵاتی نەتوانێت فێنکەرەوە دابگرسێنێت لەبەر ئەو بۆنە، ئێمە بەردەوامین لە بەدواداچوونەکانمان تاوەکو بەیەکجاری ئەمکێشە بنەبڕدەکرێت، ئەکبەر غەریب وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا