هەر وێستگەیەکی دەنگدان 550 دەنگدەر لە خۆی دەگرێت
کۆمسیۆن سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆتا ژمارەی دەنگدەر و وێستگە و بنکەکانی دەنگدانی دیاریکرد
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق، كۆتا ژمارەی وێستگە و بنکەکانی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری کرد، كه بڕیارە رۆژی 11.11.2025 بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنه‌كه، بەڕێوەبچێت
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵاله گروپی واتساپی میدیاكاراندا بڵاویكرده‌وه، كه ئەنجومەنی کۆمسیاران، ژمارە و شێوازی دابەش بوونی کۆتایی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی پەسەند کردووە.
ده‌شَڵێت “کۆی گشتی دەنگدەرانی گشتی 20 ملیۆن و 63 هه‌زار 773 دەنگدەرە، بەسەر هه‌شت هه‌زار و 703 ناوەندی دەنگدان دابه‌ش ده‌كرێن و 39 هه‌زار و 285 بنكه‌ش له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق ئاماده‌ده‌كرێن، كه به‌پێی حساباتى كۆمیسیۆن هەر وێستگەیەکی دەنگدان 550 دەنگدەر لە خۆی دەگرێت.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوكرا، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنحومەنی نوێنەرانی، بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری كرا.
كۆی گشتی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق، 329 كورسییە، كە 320 كورسی گشتییە. لەو ژمارەیەش 83 كورسی بۆ ژنانە، نۆ كورسی بۆ كۆتای پێكهاتەكانە، مەسیحی پێنج كورسی، كوردی فەیلی و سابیئە مەندائی و ئێزیدی و شەبەك، هەریەكە و یەك كورسییان هەیە.
سه‌باره‌ت به پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش، پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە كه پێنج كورسی بۆ كۆتای ژنان. هەولێر 16 كورسی، یه‌ك كورسی بۆ مەسیحی و چواریش بۆ ژنانە، دهۆك 12 كورسی، یه‌ك كورسی بۆ مەسیحی و سێ كورسی بۆ ژنانە.
حەسەن هادى، ئەندامى تیمى راگەیاندنى کۆمسیۆن، بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاندووه، چاوەڕوان دەکرێت لە 10.10.2025 بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێبکات و تاوه‌كو 24 کاتژمێر پێش دەنگدانى تایبەت بخایەنێت.
بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن هه‌زار و 79 تیمه‌وه چاودێری ده‌كرێت، سزاى پێشێلکاریی بانگەشەى هەڵبژاردنیش دیاری كراوه، كه به‌قسه‌ى حه‌سه‌ن سەرەتا بە ئاگادارکردنەوە دەستپێدەکات تاوه‌كو سەپاندنى ملیۆنێک بۆ 25 ملیۆن دینار پێبژاردن و دوورخستنەوەى کاندیدەکە، ئەوەش بەپێی جۆرى پێشێلکارییەکە”.