لێپرسراوی بانكی ئاشتی بۆ 964
“موچە هەبێت و نەبێت ئەوان پارە و پاداشتی خۆیان هەر وەردەگرن”
964+
محەمەد فاتیح
رۆژانە بەڕێوەبەراییەتییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان، قەرەباڵغە و ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتییان، مامەڵەی وەرگرتنی پاداشتی كۆتایی خزمەت پێشكەش دەكەن، یەكێك لە بانكەكانی كاروباری كۆمەڵایەتیش ئاشكرای كرد، هەندێكیان پاداشتەكانیان لە سەرووی دەیان ملیۆن دینارەوەیە و بەبێ كێشە پارەكانیان وەردەگرن.
بەناز نوری ساڵح، لێپرسراوی بانكی ئاشتی/9 بۆ كاروباری كۆمەڵایەتی لە شاری سلێمانی، بۆ 964 باسی لەوەكرد، ئەوان رۆژانە بەبێ هیچ كێشە و گرفتێك پاداشتی كۆتایی خزمەت دەدەن بەو هاوڵاتییانەی لە دامودەزگا جیاوازەكان خزمەتیان كردووە و مامەڵەكانیان تەواو بووە.
دەشڵێت، پاداشتی خزمەت هەیە، دەگاتە سەرووی 100 ملیۆن دینار و پاداشت و موچەی مانگانەی ئەو كەسانەی خاوەنی دەستەبەری كۆمەڵایەتین، بەردەوام بەبێ هیچ كێشەیەك پێشكەش دەكرێت و هیچ پەیوەندییەكی بە موچەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمەوە نییە.
پێشتر شیروان مەجید سادق، بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی پارێزگای سلێمانی، بە 964 ـی وت، ژمارەی كرێكارە خانەنشینبووەكان 300 كەسە و تاكو ئێستا هیچ موچەیەكی خانەنشینان و پاداشتی هیچ كرێكارێك نەفەووتاوە و سەرجەم موچەكان و پاداشتەكانیان بەبێ لێبڕین وەرگرتووە، چونكە ئێمە موچە و پاداشتەكانیان، لە داهاتی فەرمانگەكەمان و پارەی خودی سندوقی كرێكارەكان دەدەین.
“پێویستە هەموو خاوەن كارێك، مانگانە بڕی پارەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بدات بۆ كارمەند و كرێكارەكانی و لە بەرامبەردا، هەموو كارمەند و كرێكارێك مافی وەرگرتنی پاداشتی كۆتایی خزمەت و خانەنشین بوونی هەیە، بە مەرجێك بۆ پیاو تەمەنی بگاتە 60 ساڵ و خزمەتی 20 ساڵی هەبێت، بۆ ژنیش دەبێت تەمەنی 55 ساڵ بێت و 20 ساڵ خزمەتی هەبێت” شیروان مەجید سادق واى وت.