خەمەکەی ژینگەی ناوچەکەیە

مامۆستایەک زبڵدان بۆ ئامێرەکانی راکێشانی پارە دادەنێ

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

مامۆستایەک لە دهۆک، ژمارەیەک زبڵدانی لەسەر ئەرکی خۆی کڕیوە و لە بەردەم ئامێرەکانی وەرگرتنی پارە ATM دایناون، تا پسوڵەی وەرگرتنی پارە بە ژینگە و دەورووبەری ئامێرەکان بڵاونەبنەوە و سیمای ناوچەکە تێک بدەن.

ئەو کارەی مامۆستاکە جارێ سەنتەری دهۆکی گرتووەتەوە.

سەدیق جەلالەدین، مامۆستای هونەرە و ژینگەدۆستێکی پاڕێزگای دهۆکە، ئەو بە 964ـی وت، فەرمانبەران کاتێک دەچن موچەکانی خۆیان لە ئامێرەکانی ATM وەربگرن، فاتورە “پسوڵەی” وەرگرتنی موچە فرێدەدەن و ئەمەش دیمەنی دەورووبەری ئامێرەکانیان ناشرین کردووە.

لەسەر ئەرکی خۆی، تاوەکو ئێستا 14 زبڵدانی کڕیوە و لە لای ATM کانی سەنتەری شار دایناون، ئەو داوا لە فەرمانبەرەکان کرد، ژینگەکە لە هەر پاشماوە و خاشاکێک بپارێزن.

ئەو مامۆستایە باسی لەوەشکرد، دوای سەنتەری شاری دهۆک، لە ATM کانی دەورووبەری پارێزگای دهۆکیش ژمارەیەکی دیکەی زبڵدان دادەنێت.

لە زۆربەی وڵاتان، جیهاز و ئامێرەکانی راکێشانی پارە شوێنێکیان بۆ دروستکراوە وەک زبڵدان کە دوای پارە وەرگرتن، پسوڵەکەی دەکەیتە ناوی، پێدەچێ ATMـەکانی کوردستان لەوەیان کەم بێ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

لە دڵى شارەکەدا؛ بەمزوانە پارکێکى مۆدێرن لە دهۆک دەکرێ...

لە دڵى شارەکەدا؛ بەمزوانە پارکێکى مۆدێرن لە دهۆک دەکرێتەوە