لە 12 رۆژدا

لە ئاوەکانی مەغریب زیاتر لە 80 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە

964+
ئەحمەد مستەفا

لە 24ی مانگەوە، تاوەکو ئەمڕۆ 2.9.2025، زیاتر لە 80 کۆچبەر لە نێوان مەغریب و ئیسپانیا گیانیان لە دەستداوە، ئەمە قسەی پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا بۆ 964.

کەشوهەوا تاڕادەیەک جێگیرە، بەڵام شەپۆلی دەریا ئامان و زەمانی نییە، پێشڕەو عەبدوڵا وتی، لەم مانگەدا و تا کۆتایی ئەیلوول، کۆچبەرەکان هەوڵی تەواو دەدەن بۆ گەشتن بە سنووری جوگرافی یەکێتی ئەوروپا و پێشبینی باش ناکەم بۆ ئەو دۆخەی لەدەریادا تووشیان دەبێ.

ئەمڕۆ سێشەممە 2.9.2025، پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا ئەوەشی بە 964ی وت، کۆچبەرەکان ویستوویانە، لە تونس و لیبیا و مەغریبەوە دەریا ناوەڕاست و لە تورکیاوە دەریای ئیجە، بەرەو دوورگە و سنوورە ئاوییەکانی ئیتاڵیا و ئیسپانیا لە رێگەی یەختەوە ببڕن، هەندێکی دیکەیان ئامانجەکەیان دوورگەکانی یۆنان بووە.

روون نییە ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە کێن، بەڵام روونە ئەو کۆچبەرانەی هاتوچۆ دەکەن هەمەجۆرەن، کورد، سوری، پاکسانی، ئەفغانی، ئەفریقی، بەنگلادیشی و سودانی، ئەو نوێنەرەی پەنابەران ئەوە بە شەپۆلێکی دیکەی کۆچکردن ناوبرد و نائارامی وڵاتەکانی وەک هۆکاری سەرەکی باس کرد.

هەروەها، بەریتانیا و فەرەنسا لەسەر رێککەوتنێکی نوێی کۆچبەری رێککەوتوون کە بەپێی رێککەوتنەکە بەریتانیا کۆچبەرانی بەلەمی بچووک دەگەڕێنێتەوە بۆ فەرەنسا لە بەرامبەر وەرگرتنی پەناخوازانی یاساییدا، حکومەتی بەریتانیا دەڵێت ئامانجی سەرکوتکردنی باندەکانی قاچاخچێتی خەڵکە، ئەمەش بەڵێنێکی سەرەکی ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیایە.

بەپێی ئامارەکانی بەردەستی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە حەوت هەزار و 300 کۆچبەر گەیشتوونەتە کریت و گاڤدۆس لە یۆنان، لەکاتێکدا لە سەرجەم ساڵی 2024دا، چوار هەزار و 935 کۆچبەر گەیشتوونەتە سەر کریت و گاڤدۆس، تەنیا لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا دوو هەزار و 550 حاڵەتی هاتنی گەشتیاران تۆمارکراوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025، رێژەی کۆچکردن بۆ کەناراوەکانی باشووری کریت بە ڕێژەی 350% زیادیکردووە.

دەریای ناوەڕاست بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگاکانی کۆچکردن دادەنرێت لە جیهاندا، لە ساڵی 2024، 672 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 15 کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێن بوون، لە ساڵی 2023، 962 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 539 کۆچبەریش بێسەروشوێن بوون.

کۆچبەرە بێ وەڵامەکانی عێراق لە بەریتانیا دەنێردرێنەوە

کۆچبەرە بێ وەڵامەکانی عێراق لە بەریتانیا دەنێردرێنەوە