وێنەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران. فۆتۆ: حکومەتی هەرێم
قسەی پێش کۆبوونەوەکە
حکومەت کۆدەبێتەوە و مەسرور بارزانی ئاستەنگی ناوێ
964+
ئەحمەد مستەفا
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێ، مەسرور بارزانی دەڵێ، پێویستە وەک هەرێمێکی فیدراڵی و لەسەر بنەمای دەستوور و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، رێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت.
ئەوەشی وتووە، بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ کێشە و ئاستەنگ لەلایەن بەغدادەوە بنێردرێت.
ئەو قسانە لە میانی کۆبونەوەی بوو، لەگەڵ یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق.
ئەوە لە کاتێکدا، بڕیارە سبەینێ چوارشەممە 3.9.2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆبێتەوە و دەربارەی پرسی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا دەربارەی هەناردەكردنەوەی نەوت و داهاتی ناوخۆ و هەروەها پێداچوونەوە بە سیستمی مۆڵەتی شۆفێری بڕیار بدات.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چوار هەفتەیە کۆنەبوەتەوە، کۆبوونەوەکەی سبەینێش دوو تەوەر لەخۆدەگرێت :
تەوەری یەکەم / گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر پرسی هەناردی نەوت وداهاتی ناوخۆ بۆ ئەم تەوەرە کۆنوسی هاوبەشی هەردوولاو لێکتێگەیشتنەکان دەخرێنەڕوو.
تەوەری دووەم / پێداچونەوەیە بەسیستمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری.
دانووستانەكانی هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت و داهاتی ناوخۆ بەردەوامە و تا ئێستا رێككەوتنی كۆتایی رانەگەیەنراوە لەكاتێكدا، ئەمڕۆ دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شەش كراوە و چارەەنووسی دوو مووچەی حەوت و هەشت و مووچەكانی دواتر بەو رێككەوتنەوە گرێدراوە.