کەسێک لە هۆڵەنداوە بەناوی کەسایەتی و ئەفسەرانی ئاکرێوە داوای پارەی لە خەڵک کردووە - وێنە؛ سۆشیال میدیا
لەڕێی ئینتەرپۆڵەوە هەوڵی دەستگیر کردنی دەدرێت
لە هۆڵەنداوە بەناوی کەسایەتی و ئەفسەرانی ئاکرێوە داوای پارەی لە خەڵک کردووە
964+
شۆرش قادری
کەسێک لە هۆڵەنداوە بەناوی کەسایەتی و ئەفسەرانی ئاکرێوە پەیوەندی بە خەڵکی ئەو دەڤەرەوە کردووە و داوای پارەی لێکردوون، پۆلیس پێیزانی و داوای لە ئینتەرپۆڵ کردووە دەستگیری بکات.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، “لە ماوەی رابردوودا کەسێک بەناوی کەسایەتی و ئەفسەران و لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتی ڤایبەر و واتسئەپ پەیوەندی بە هاوڵاتیان و بەتایبەتیش دوکانداران و کاسبکارانەوە کردووە و داوای لێکردوون پارەی بۆ بنێرن”.
دوای ئەوەی نوسینگەی نەهێشتنی خراب بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی ئاکرێ دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، دەرکەوتووە کە ئەو کەسە ناوی (ش، ل، م) و تەمەنی 40 ساڵە و دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە.
پۆلیسی ئاکرێ بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ئینتەرپۆڵ لە هەوڵی دەستگیر کردنی تۆمەتباردان کە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاکرێ و بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراب بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی فەرمانی دەستگیر کردنی بۆ دەرچووە.
پۆلیسی ئاکرێ داوایش لە هاوڵاتیان دەکات، خۆیان بەدوور بگرن لە قسەکردن و پەیوەندیکردن بەو جۆرە کەسانە و ئەگەر تووشی حاڵەتێکی لەو جۆرە بوون، پەیوەندی بە ژمارەی 104ـی پۆلیسەوە بکەن.