یەکێک لە بریندارانى ئاگرەکەى پێنجوێن
“باوەگیان بێتاقەت مەبە شانازى پێوە دەکەم”
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
دوو بریندارى ئاگرەکەى دەورووبەرى پێنجوێن لە سلێمانى چارەسەر وەردەگرن و یەکێکیان وەزعى باش نییە و کێشەى هەناسەدانى هەیە.
حاجى یوسف، باوکى یەکێک لە بریندارەکان کە لەبەردەم نەخۆشخانەى ئیمێرجنسى سلێمانى وەستاوە، کوڕەکەشى لە ژوورەوە بەهۆى سوتانى 55%ـى جەستەى چارەسەر وەردەگرێت.
بەوتەى حاجى یوسف، کوڕەکەى پێى وتووە،”باوە گیان بێتاقەت مەبە، من لە کارێکى سەربەرزانەدا وام بەسەرهاتووە”.
بریندارەکەى تریش کە بەهۆى ئەوەى کێشەى هەناسەدانى بۆ دروستبووە، لەیەکێک لەنەخۆشخانە تایبەتەکانى سلێمانى، خراوەتە ژێر چاودێرى تەندروستییەوە.
پێنجوێنییەکان دڵتەنگن بەو ئاگرەى دەڵێن،”دڵى پێنجوێنە سووتاوە”.
سێ رۆژ زیاترە ئاگرێک لە نزیک گوندی هەڵاڵاوای پێنجوێن سەریهەڵداوە و هەرچەندە چەند جارێک کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵام سەریهەڵداوەتەوە و جگە لە زیانی ماددی، تا ئێستا دوو کەس بەهۆی ئاگرەکەوە برینداربوون کە دوو ژینگەپارێزی خۆبەخش بوون بەناوەکانی بێستون عەبدوڵا و ئالان یوسف.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح