خێزانەکە لە ترسى گیانیان رازيى بوون
چەکدارانی داعش لە پردێ داوای نان و خواردنیان لە خێزانێکی ئاژەڵدار کرد
964+
کاروان ساڵحى – کەرکوک
شەش چەکداری داعش هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێکی کورد لە گوندی دەرماناوی سەر بە ناحیەی پردێ و داوای نان و خواردنیان لێکردوون، بەڕێوەبەری ناحیەکەش رایدەگەیەنێت، خاوەن ماڵەکە لە ترسی گیانی خۆی و خێزانەکەی ناچار بووە داواکارییەکەیان جێبەجێ بکات.
عەبدول موتەڵیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ، بە 964ـی راگەیاند: “درەنگانێکی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینیی رابردوو، شەش چەکداری داعش چوونەتە سەر ماڵە کوردێک کە ئاژەڵدارن لە گوندی دەرماناو، کە دەکەوێتە سەر زێی بچوک و داوای نان و خواردنیان کردووە و خاوەن ماڵەکەش لە ترسی گیانی خۆی ناچار بووە هەرچی هەبووە پێیان بدات.”
وتیشی: “پێنج لە چەکدارەکان عەرەب بوون و یەکێکیانیش بە کوردییەکی خراپ قسەی کردووە، پێدەچێت تورکمان بێت.”
بە وتەی بەڕێوەبەرى ناحیەى پردێ، گوندی دەرماناو تەنیا چوار ماڵی تێدایە کە کاری ئاژەڵداری دەکەن، ئەو ماڵەی چەکدارەکان چوونەتە سەریان رۆژانە هاتوچۆ دەکەن و ماڵیان لە بنەسڵاوەیە.
دوا بەدوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان و سوپای عێراق گەیشتوونەتە ناو گوندەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە و گەڕان کردووە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەکەی رانەگەیەندراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح