لە بەنداوی مووسل

مێژووەکەى بۆ 5 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە؛ شارێک و گۆڕستانێک دۆزرانەوە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

دوای نزمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵ لەسنووری قەزای سێمێل، گردێک کە چەندین گۆڕ و شوێنەواری مێژوویی تێدایە دەرکەوتووە.

نزیکەی 10 رۆژە تیمێکی پسپۆڕی شوێنەوارناسی کورد بەسەرپەرشتیاری بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک دەستیان بە لێکۆڵینەوە و کنە و پشکنین کردووە لە شوێنەکەدا.

د.بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و کەلەپور لەپارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، بۆ جاری یەکەم لەساڵی 2023  هەردوو شوێنەواری مێژوویی “ شاڕێک و گۆڕستانێک”مان دۆزییەوە، بەڵام ئەو کات ئاستی ئاوی بەنداوەکە زۆر بوو، ئەمساڵ بەهۆی نزمبوونەوەی ئاستی ئاوەکە، جارێکی تر شوێنەوارەکە دەرکەوتووەتەوە و چەند پارچەیەکی شوێنەواری لێ دۆزراوەتەوە و لە ئێستادا تیمەکانمان کار بۆ گواستنەوەی گۆڕەکان دەکەن.

وتیشی،”تیمەکانمان بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان توانیویانە شارێکی مێژووی بدۆزنەوە کە نزیکەی پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر ئاوەدانی تێدا بووە، هەروەها گۆڕستانێک لەنزیک شارەکە دۆزراوەتەوە کە ژمارەیەک گۆڕی تێدایە، نزیکەی 40 گۆڕیان هی سەردەمی هلینستین، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 300 ساڵ پێش زایین، تابووتەکانیش لە قوڕی سوورکراوە دروستکراون”.

روونیشیکردەوە، دوای تەواو بوونی کارەکانمان کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 30 رۆژدا تەواو بکرێن، گۆڕەکان دەگوازرێنەوە بۆ مۆزەخانەی دهۆک.

شوێنەکە دەکەوێتە گوندی خانکێ کۆن و ناوی “گردی تەحسین لەگ لەگ”ە، لە سنووری ناحیەی خانکێ لە قەزای سێمێل، بەپێی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری دهۆک، ئەم ناوچەیە دوای دروستکردنی بەنداوی موسڵ لە ساڵی 1986 ژێر ئاو کەوتبوو، ئەم شوێنە بە بەردەوامی ژیانی تێدا بووە، هەر لە سەردەمی نەینەوای پێنج و سەردەمی برۆنزی کۆن و ناوەڕاست و سەردەمی میتانی و سەردەمی ئاشووری نوێ و سەردەمی هێلینیستی تا کۆتایی سەردەمی ئیسلامی.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

لە دهۆک 24 پێگەی شوێنەواری نۆژەندەکرێنەوە

لە دهۆک 24 پێگەی شوێنەواری نۆژەندەکرێنەوە