باڵەخانەی وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان _ وێنە: 964
چۆن رێکخراوە؟
وەزارەتی داد بۆ پاراستنی دۆسییەی هاوڵاتیان رێنمایی نوێی دەرکرد
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بۆ پاراستنی موڵک و مافی هاوڵاتییان و چۆنیەتیی جوڵەپێکرنی دۆسییەکانی جێبەجێکردن و رێکخستن و کارئاسانی و پاراستنی مافی لایەنەکانی دۆسییەکان، رێنمایی نوێی دەرکرد.
بە گوێرەی رێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی داد، بە مەبەستی رێکخستن و پارێزگاریکردن لە دۆسییەکانی جێبەجێکردن و ناوەڕۆکەکەی، لە هەر جۆرە لەناوچوون و تێکچوونێک، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردن و بەرپرسی ژووری ئەرشیڤی بەرپرسیار کردووە.
هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە بێجگە لە فەرمانبەرانی دەستنیشانکراوی ژووری ئەرشیڤ، بۆ هیچ کەس نییە بچێتە ئەوێ.
بەپێی رێنماییە نوێیەکە، دۆسییەی جێبەجێکردن دەبرێتە دەرەوەی ئەرشیڤ، لەسەر داوای جێبەجێکاری دادی تایبەتمەند، یان دادگای تایبەتمەند، یان سەرپەرشتیاریی دادی یان لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند، دەشبێت ڕادەستکردنەکە و گەڕاندنەوەی لە تۆماری ئەستۆ بەفەرمی جێگیر بکرێت.
وەزارەتی داد لە رێنماییەکەیدا، داوا لە پارێزەری بریکاری لایەنێکی دۆسییەکە کردووە، کە دەبێت لە ژووری بەڕێوەبەری فەرمانگە تێخوێندنەوە لە دۆسییەکەدا بکات،وە هەروەها جووڵەپێکردنی دۆسییەی جێبەجێکردن لەناو فەرمانگەکەشدا، دەبێت لەلایەن فەرمانبەرێکی ژووری ئەرشیڤەوە بێت و نابێت دۆسییەی جێبەجێکردن ڕادەستی هاووڵاتی بکرێت، جا هەر سیفەتێکی هەبێت.
هەر بە پێی رێنماییی ژمارە ( 2)ی ساڵی 2025، دۆسییەکانی جێبەجێکردن، دەبێت لاپەرەکانی ژمارە (تەرقیم) بکرێن، ئەگەر بۆ دەرەوەی فەرمانگە رەوانە کرا، پێویستە لاپەڕەی ناوەڕۆکیشی (فەهرەستی) بۆ ڕێک بخرێت.