پردێکی پەڕینەوە چارەسەریان دەکات
قوتابیانی گوندی قولەبەرزی لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدان
964+
هونەر فارس – گەرمیان
قولەبەرزی گوندێکە دەکەوێتە سەر شەقامی سەرەکی کەلار – سلێمانی، بەقسەی خەڵکی گوندەکە بێت تیژلێخورینی ئۆتۆمبێلەکان بوونەتە مەترسی بەسەر گیانی منداڵەکانیان لەچوونیان بۆ قوتابخانە و داوای پرد دەکەن.
گوندی قولەبەرزی سەر بە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، دەکەوێتە سەر شەقامی سەرەکی کەلار- سلێمانی و بە نزیکەیی 20 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارەکەوە دوورە.
گوندەکە 48 ماڵ لەخۆ دەگرێت و 30 قوتابی بنەڕەتی لە قوتابخانەی گوندەکەدا دەخوێنن.
بەشێک لەماڵەکانی گوندەکە دەکەونە بەشی سەرەوەی شەقامەکە و بەشێکیان دەکەونە بەشی خوارەوە، پردێکی رێڕەوی ئاو لەناوەڕاستی گوندەکەیان هەیە و لەکاتی باراندا بە هۆی دروستبوونی لافاوەوە قوتابیەکان ناتوانن لە ژێر پردەکەوە بپەڕنەوە، بۆیە بەردەوام لە دڵەڕاوکێدان کاتێک قوتابیەکانیان دەچنە قوتابخانە.
فەرهاد حەسەن، دانیشتووێکی گوندەکەیە بە تۆڕی964ی وت، مەترسییەکی زۆر هەیە لەسەر منداڵەکانمان و داوا دەکات بەرزەپردێک یاخود تاسەیەک لەسەر شەقامی گوندەکەیان دروستبکرێت.
سامان عەلی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان بە تۆڕی964ی وت، دەبێت هاوڵاتیانی گوندەکە رێگەپێدان لەڕێگەوبانی گەرمیان وەربگرن و بودجەی بۆ تەرخان بکرێت، ئەوکات ئێمەش داواکەیان جێبەجێ دەکەین.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی964 کەوتووە، لە ڕۆژانی ئاسایدا زیاد لە 700 سەیارە بەسەر شەقامەکەدا هاتوچۆ دەکەن و جگە لە هاوڵاتییان، گرفت بۆ پەڕینەوەی ئاژەڵانیش دروست دەکەن.
پێداچوونەوەی: فەرمان سادق