لە پێشبڕکێى بیرکارى هزریى
لەنێو قوتابیانى 18 وڵات؛ چەمچەماڵییەکان پلەکانى یەکەم تا سێیەمیان گرت
964+
عەزیز عەبدوڵا- چەمچەماڵ
قوتابیانى شاری چەمچەماڵ باڵادەستی خۆیان لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتی بیرکاری هزریدا نیشاندا، کە لە شاری موسڵ بەڕێوەچوو و زیاتر لە یەک هەزار قوتابى لە 18 وڵاتى جیاوازەوە بەشداریان کردووە و توانیویانە پلەکانى یەکەم و دووەم و سێیەم مسۆگەر بکەن.
زیاتر لە 20 قوتابى لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارییان لە پێشبڕکێکەدا کردبوو، کە پێنج لەو قوتابیانە خەڵکی چەمچەماڵ بوون، یەکێک لە براوەکان توانی لە ماوەی تەنیا 10 خولەکدا وەڵامى 256 پرسیار بداتەوە.
مەبەست عەباس، مامۆستای سەرپەرشتیاری قوتابییە بەشداربووەکان، بە 964ـى وت، “لەکۆی 18 وڵات و بە بەشداری زیاتر لە هەزار خوێندکار لە گەورەترین ئۆلۆمپیادی نێودەوڵەتی بیرکاری هزری لەسەر ئاستی جیهان، بلیمەتەکانی چەمچەماڵ توانیان پلەکانی یەکەم، دووەم و سێیەم بۆخۆیان و شارەکەیان بەدەست بهێنن.”
وتیشی: “جێگای شانازییە کە بۆ یەکەمین جار، ئاڵای کوردستان وەک ئاڵای 18هەمین وڵات، شانبەشانی وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و وڵاتانی عەرەبی لەسەر ستەیجی ئەم بۆنە گەورەیە نمایشکرا.”
پێشبڕکێکە لە سێ ئاستی جیاوازدا بەڕێوەچوو و قوتابی دەبوو لە ماوەی 10 خولەکدا وەڵامی 300 پرسیار بدەنەوە، لە ئەنجامەکاندا، منداڵانی چەمچەماڵ لە ئاستی یەکەم (لیڤڵی یەک) پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا، هاوکات، منداڵانی هەولێر لە ئاستی دووەم (لیڤڵی دوو) پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا و منداڵانی سلێمانیش لەهەمان ئاستدا پلەی دووەمیان مسۆگەر کرد.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح