وەک دەربڕینی هاوسۆزی و وەفا

تاجە گوڵینە لەسەر گۆڕی یەکێک لە شەهیدانی ژینگەی هەڵەبجە دانرا

964+

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

خانەوادە و کەسوکار و هاوڕێیانی محەمەد حەیدەر، یەکێک لە شەهیدانی ژینگەی هەڵەبجە  بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و وەفا، چوونەسەر گۆڕەکەی و تاجەگوڵینەیان دانا.

سەیوان حەمەساڵح، لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی دارستانی خورماڵ و بەڕێوەبەری محەمەد حەیدەر بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ وەک بنکەی پۆلیسی دارستانی خورماڵ، لەگەڵ خانەوادەی کاک محەمەد بەشداربووین لە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕەکەی بۆ دەربڕینی سۆز و وەفا بۆ گیانی پاکی”.

دەربارەی چۆنیەتی گیانلەدەستدانی محەمەد حەیدەر، سەیوان حەمەساڵح وتی، “هەرچەندە ئاگرەکە لە سنووری ئێمەدا نەبوو، بەڵام لەسەروو خۆمانەوە ئاگادارکراینەوە کە بەشداربین لە کوژاندنەوەیدا، ئەو رۆژە ئێمە پێکەوە بووین، کاتێک کڵپەی ئاگرەکە بەهۆی بەهێزی باوە بەرەوڕوومان هات، کاک محەمەد خۆی هەڵدایە سەر دیوارێکی بەردین و دواتر ئاگرەکە رووی لەو کرد و هەر لەوێدا بەهۆی کاریگەری ئاگرەکەوە گیانی سپارد، من و کارمەندێکی تریش بەهۆی دووکەڵەکەوە تەنگەنەفەس بووین و رەوانەی نەخۆشخانە کراین”.

ئاگرەکەی هەڵەبجە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە سنووری ناوچەی کۆکۆیی و بە دیاریکراویش لە گوندی مۆردینەوە سەریهەڵدا و ماوەی سێ رۆژ بەردەوامبوو، جگە لە سووتانی هەزاران دۆنم لە باخ، دارستانی سرووشتی و پووش و پاوان، گەنجێکی خۆبەخش بە ناوی ئاری موختار و پۆلیسێکی دارستان بە ناوی محەمەد حەیدەر گیانیان لەدەستدا.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

کارمەندێکی پۆلیسی دارستان لە ئاگرەکەی هەڵەبجە گیانی ل...

کارمەندێکی پۆلیسی دارستان لە ئاگرەکەی هەڵەبجە گیانی لەدەستدا

"زیانى ئاگرەكەی هەڵەبجە بە چەندین ساڵ قەرەبوو ناكرێتەوە"