زانیاری نوێ لەبارەێ شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سلێمانی
“لە شەڕەکەی لالەزاردا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 26 کەسیش بریندارن”
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دۆخی ناوشاری سلێمانی وردە وردە بەرەو هێوربوونەوەی دەچێ و بەپێ دوایین زانیارییەکان لەشەڕەکەی لالەزاردا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 26 کەسی دیکەش برینداربوون کە بەشێكیان لە نەخۆشخانەی شار و ئەوانەی دیكەش لە نەخۆشخانەی شۆڕش چارەسەر وەردەگرن.
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو نەخۆشخانەی شار كە قسەی بۆ 964 كردووە، بەگوێرەی ئەو ئامارەی لەبەردەستی ئەواندایە، تائێستا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 26ـی دیکەش برینداربوون دەكرێت لەهەردوو لایەنی شەڕەکە، بەشێك لە نەخۆشەكان برینەكانیان سەختە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و لە ژێر نەشتەرگەریدان.
هاوكات دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیاندراوێكدا باسی لەوەكرد، ئۆپەراسیۆنەكە لەچوارچێوەی فەرمانی دەستگیركردنی دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشەوە دەركراوە و تۆمەتباران بە مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر كراون.
دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاند، دۆخی سلێمانی ئاسایی بووەتەوە، ئارامی سلێمانی هێڵی سورە و تۆمەتبارنیش رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری