دەڵێ؛ کەس مورتاح نییە
تابلۆ شێوەكارییەكانی هونەرمەند حیكمەت هیندی لەناوچوون
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بەهۆی شەڕو ئاڵۆزییەكانی شەوی رابردووی لالەزارەوە، چەندین ماڵی دەوروبەری گردی سەرچنار زیانیان پێگەیشتووە و ماڵی هونەرمەند حیكمەت هیندیش یەكێكە لەوان و بەهۆیەوە سەرجەم تابلۆكانی لەناوچوون.
هونەرمەندی شێوەكار، حیكمەت هیندی قسەی بۆ 964كردووە و وتی، كاتژمێر 3:30 شەو هێزەكان پێیان وتین ماڵەكانتان چۆڵ بكەن بۆئەوەی دوربن لەمەترسی، ئێمەش چۆڵمان كرد رۆیشین بەرەو ماڵی كوڕەكەم، ئەوەندەی نەبرد دوركەوتینەوە لەماڵ و بوو بە تەقە.
دەشڵێت، بەداخەوە كاتێك كاتژمێر 9:00ی بەیانی گەڕاینەوە ماڵ كەوتین بەسەر ماڵێكی كاول بوودا و بەچەكی قورس و ئارپیچی لەماڵەكەم دراوە و دیوار، سەقف، پەنجەرە و تابلۆكانیشم هیچی بەكەڵك نەماوە.
لە بارەی تابلۆکانی ئاماژەی بەوەشكرد، هونەرمەند هەستی خۆی لە كارەكانیدا سەرف دەكات و ئێستا ئەوەی بەرامبەر تابلۆكانم كراوە، هەستی من بریندار كراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، مادام منداڵەكانم سەلامەتن داوای قەرەبوو ناكەم، تەنیا داوا دەكەم یاسا سەروەر بێت و گوناحە چیتر وا لەسلێمانی مەكەن و هەموومان موزایەدەی بەسەرەوە دەكەین و پێویستە ئەم شارە گەورەی هەبێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا