پوختەی رووداوەکانی دوێنێ شەو

سلێمانی شەوێکی سەختی تێپەڕاند

964+

ژووری هەواڵ

لە دوێنێوە شاری سلێمانی بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت، ئەگەر بەهەر هۆکارێک ئاگاداری زنجیرەی رووداوەکان نەبووبن لە دوێنێ ئێوارەوە تائێستا، فەرموون ئەمە پوختەکەیەتی:

📌لە دەورووبەری کاتژمێر 6ی ئێوارە بازگەکانی دەرەوەی سلێمانی قەرەباڵغییەکی نائاساییان بەخۆوە بینی، هەتا چوار کاتژمێر دوای ئەوەش قەرەباڵغییەکە نەڕەوییەوە.

📌لەوە بەدواوە جموجۆڵێکی نائاسایی لە ناو شار بەدی دەکرا، لە چەند شوێنێک بە چڕی هێزە ئەمنییەکان دەردەکەوتن، بەڵام هیچ زانیارییەکی دڵنیاکەرەوە نەبوو ئەم بارە نائاساییە هۆکارەکەی چییە.

📌لە نزیک کاتژمێر 10ی شەو روون بووەوە کە ئەم جموجۆڵە بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەلە.

📌هەر دوای ئەوە هێزێکی ئەمنی زۆر لە دەوروبەر هۆتێل لالەزار کۆبوونەوە، لالەزار شوێنی مانەوەی لاهور شێخ جەنگی و کۆبوونەوەی هاوەڵەکانیەتی.

📌پێش کاتژمێر 11 پەیامنێری 964 لە نزیک لالەزار وتی: ژمارەی هێزەکان زۆربوون و پەیام دراوە بە لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی کە خۆیان بدەن بەدەستەوە.

📌لە کاتژمێر 12ی شەو دادوەر سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای سلێمانی لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە فەرمی بە 964ی راگەیاند: بە فەرمانی دادوەر، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهور شێخ جەنگی و چەند کەسێکی تر دەرچووە بەپێی مادەی 56 بە تۆمەتی ئاژاوە نانەوە.

📌لە کاتژمێر 1ی شەو هێزێکی زیاتر لە دەوری لالەزار بینران، دوا پەیام درا بە لاهور شێخ جەنگی.

📌پێش کاتژمێر 2ی شەو کارەبای هۆتێل لالەزارو ماڵەکەی لاهور شێخ جەنگی کوژایەوە، ئەمە ئاماژە بوو بۆ پێشهاتێکی نوێ.

-کاتژمێر 2:30 جۆری ئۆتۆمبێلەکان گۆڕان و زرێپۆش و هامەرو چەکی قورس دەرکەوتن.

📌لەسەر شەقامەکانی سلێمانی تانک بینران کە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت دەگوازرانەوە، دواتر چوار تانکەکە لە گەڕەکەکانی نزیک لالەزار جێگری کران.

📌کاتژمێر 3 دواهەمین مۆڵەت بوو بۆ خۆڕادەستکردن، بەڵام ئەوکات ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوەو وتی رەنگە ئەم دوا پەیامم بێت، خۆم نادەم بە دەستەوەو بەپێوە دەکوژرێم.

📌کەمێک دواتر میدیاکانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی رایانگەیاند: هاوسەرو منداڵەکانی لاهور شێخ جەنگی لە لازاردان و جێی ناهێڵن.

📌هێزە ئەمنییەکان بە بڵندگۆ هاواریان لە چەکدارانی لالەزار کرد خۆیان بدەن بە دەستەوە.

📌کاتژمێر 3:32 خولەک دەنگی تەقە بیستراو شەڕ دەستی پێکرد.

📌کارەبای سەرچنار پچڕاو نزیکەی یەک کاتژمێر تەقەیەکی چڕ بوو، دەنگی تەقینەوە دەبیسترا.

📌لە چەند شوێنێکی دووری شار خەڵک گوێیان لە دەنگی تەقە بوو، لە لالەزاریش ئاگرێکی گەورە کەوتەوە.

– کاتژمێر 4ی بەیانی لاهور شێخ جەنگی پەیامی دووەمی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوەو وتی: بە دەبابە لێمان دەدەن.

📌سەرۆکی حکومەت پەیامێکی بڵاوکردەوەو داوایکرد دەستبەجێ شەڕەکە رابگرن.

📌بەرەبەیان دەنگی تەقەو بانگی بەیانی تێکەڵبوون، خەڵکێکی زۆر بە گرمە و دەنگی تەقە بەخەبەرهاتن.

📌زانیارییە سەرەتاییەکان باسیان لە بوونی کوژراوێک و پێنج بریندار دەکرد لە دیوی هێزە ئەمنییەکانەوە.

📌دەیان پەیوەندی بە 964ەوە کران کە خەڵک لە زۆر شوێنی شار دەنگی تەقەیان بیستووەو ترساون.

📌لە نزیک کاتژمێر 5 پارێزگاری سلێمانی داوایکرد شەڕەکە رابگیرێت.

📌کاتژمێر 5:30 سەرچاوەیەک لە لالەزارەوە بە 964ی وت: برینداریان زۆرەو ئاگر لە خەڵکە سیڤیلەکە نزیکبووەتەوە.

📌هەر ئەو کات هەواڵ هات کە لە دەباشان لە نزیک ماڵی بافڵ تاڵەبانی دەنگی تەقینەوەیەک هاتووە و ئاگرکەوتووەتەوە.

📌پێش کاتژمێر 6ی بەیانی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز هات لە نزیک ماڵی بافڵ تاڵەبانی، وتیان درۆنەو خراوەتە خوارەوە.

📌لە کاتژمێر 6:30 بەیانی ڤیدیۆ لە گوندی ئەڵمانییەوە بۆ 964 نێردرا، دەنگی تەقەیەکی زۆر لە نزیک ماڵەکەی تاڵەبانی دێت کە سلێمانی.

📌سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی شار بە 964ی وت: هەشت بریندار گەیشتووتە نەخۆشخانەی شار، دوو کەس گیانیان لە دەست داوە، 10 برینداریش رەوانەی نەخۆشخانەی شۆڕش کراون، ئەمانە برینداری هێزە ئەمنییەکانن، بەڵام هێشتا لە دیوی لالەزارەوە دیار نییە.

📌کاتژمێر 6:50 خولەکی بەیانی سەرچاوەیەک لەناو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە 964ی وت: لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادو ئاسۆی برای دەستگیرکراون.

📌سەرچاوەکە دەڵێت: پۆڵاد شێخ جەنگی بە برینداری دەستگیکراوەو فیشەک بەر قاچی کەوتووە.

📌ئێستا کات گەیشتووتە 7:30 لالەزار بەنزیکەیی کۆنترۆڵکراوە، بەڵام ناوە ناوە دەنگی تەقە دەبیسترێت.

خودا سلێمانی و خەڵکەکەی بپارێزێت

هێزێکی زۆر لە ناو سلێمانی دەبیندرێت

هێزێکی زۆر لە ناو سلێمانی دەبیندرێت