زیاتر لە یەك ملیۆن كوژراو

جەنگی نێوان عێراق و ئێران.. درێژترین جەنگی سەدەی بیست

964+

محەمەد فاتیح

ئەمڕۆ، كۆتایی ئەو جەنگە خوێناوییە وێرانكارییەی نێوان عێراق و ئێران راگەیەندرا، كە بە درێژترین جەنگی سەربازی سەدەی بیست دادەنرێت و زیاتر لە یەك ملیۆن كەسی تێیادا كوژرا.

دوای توندبوونەوەی ناكۆكی نێوانیان، لەسەر دیاریكردنی سنوورەكانيان، بەتایبەتی لە ناوچەی شەتولعەرەب، جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵی 1980 ، به پێكدادانی بچڕ بچڕ لەسەر سنوری نێوان هەردوو وڵات دەستیپێكرد، پاشان لە 4ـی ئەیلولی 1980 حکومەتی بەغدا ئێرانی تۆمەتباركرد، بە بۆردومانكردنی شارۆچكە سنورییەكانی عێراق و ئەمەش بوو بە سەرتای جەنگەكە.

لە 17ـی ئەیلولی هەمان ساڵ، سەدام حوسێن، سەرۆك كۆماری عێراقی لەسێدارەدراو، رێكەوتنی جەزائیری لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندەوە و سوپای عێراق هێرشیان كردوو چوونە نێو خاكی ئێرانەوە.

تا مانگی حوزەیرانی ساڵی 1982، ئێران هەموو ئەو خاكانەی لە دەستی سوپای عێراق وەرگرتەوە كە داگیریان كردبوو، پاشان بۆ ماوەی شەش ساڵی داهاتوو، ئێران بوو بەلایەنی هێرش بەر بۆ سەر عێراق.

سەرەڕای ئەوەی چەندین جار ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای ئاگربەستی لێكردن، بەڵام چەنگی نێوانیانيان تا 20ـی ئابی 1988 بەردەوام بوو، دواجار بە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایش كە هەردوو لایەن پەسەندیان كرد، كۆتایی بە جەنگی نێوان عێراق و ئێران هێنرا و دوایین دیلەکانی جەنگ لە ساڵی 2003 ئاڵوگۆڕ کران.

بە جەنگە جیهانییەكان بەراورد كراوە

شارەزاییانی بواری ئابوری، تێچووی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بە زیاتر لە 400 ملیار دۆلار مەزەندە دەكەن،  سەرەڕای كوژرانی زیاتر لە یەك ملیۆن كەس و برینداربون و كەمئەندامبونی ژمارەیەكی زیاتر و وێرانكارییەكی زۆر.

جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە سپتەمبەری ساڵی 1980وە دەستیپێكرد و تاكو ئوغستسی ساڵی 1988 بەردەوام بوو، جەنگەكە بەبێ‌ سەركەوتنی هیچ لایەكیان كۆتایی پێهات و بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام بوو، كە بە درێژترین جەنگی سەربازی سەدەی بیست هەژمار دەكرێت و بە جەنگی جیهانی دووەم بەراورد كراوە.

دوای 12 ساڵ بەسەر جەنگەكە و دوای 16 مانگ بەسەر داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 11ـی كانونی یەكەمی 1991 دانی بەوەدانا، كە عێراق دەستدپێشخەری جەنگەكە بووە و لایەنی دەستدرێژیكەر بووە بۆ سەر ئێران.

36 ساڵ پێش ئێستا جەنگی نێوان عێراق - ئێران وەستا

36 ساڵ پێش ئێستا جەنگی نێوان عێراق - ئێران وەستا