لە سێمێل هەشت خاوەن موەلیدە دەدرێنە دادگا
964+
عەمار عەزیز
داواکاری گشتی قەزای سێمێل سکاڵای لە دژی هەشت خاوەن موەلیدە تۆمارکرد، بە تۆمەتی جێبەجێنەکردنی رێنماییەکانی حکومەت.
حەکیم دۆسکی، داواکاری گشتی قەزای سێمێل بە توڕی 964ی وت، لە 2ی ئەم مانگە بەدواداچوونێکی یاسایی و مەیدانییان بۆ موەلیدەکانی قەزای سێمێل کردووە، دوای وەگرتنی زانیاری ورد، ئەمڕۆ چوارشەممە، سکاڵای یاساییان لە دژی هەشتیان تۆمارکردووە.
“ئەو خاوەن موەلیدانە سەرپێچی یاساییان کردووە، هەروەها رێنماییەکانی حکومەتیان جێبەجێنەکردووە وەکو بەرزی دەنگی موەلیدە و کارپێنەکردنی بە سیستمی بێدەنگ، هەروەها درەنگ ئیشپێکردن لەکاتی بڕانی کارەبای نیشتیمانی، تێکدانی ژینگە بەهۆی دوکەڵ، بەسەرچوونی سیستمی ئاگرکوژێنەوە”، حەکیم دۆسکی وای وت.
لە لایەکی دیکە، شێروان شوکری نوێنەری خاوەن موەلیدەکانی قەزای سێمێل بۆ تۆڕی 964ی باسکرد، “راستە پێش دوو سێ ساڵ بڕیار دەرچووە کە موەلیدەکان سیستمی بێدەنگ بەکاربهێنن، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردن، تا ئێستا فەرمانگەی کارەبا و لیژنەی موەلیدە بە ئێمەیان نەوتووە دەبێت سیستمی کاتم بەکاربهێنین و هیچ مۆلیدەیەکیش نییە لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەو سیستمە بەکاربهێنێت”.