یەکێتی زانایان راگەیەندراوی بڵاوکردەوە

دیاردە و دەنگۆی نامۆ بەدین و ژینی گەلەکەمان هەست پێدەکرێ

964+
ئەحمەد مستەفا

ئێمە لە یەکێتی زانایان داکۆکی تەواو لە پاراستنی بەها ئایینی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان دەکەین، کە کورد وەک گەلێکی دیندارو پارێزکار دەستی پێوە گرتووە، ئەمە بەشێک لە راگەیەندراوێکی یەکێتی زانایانی ئاینیی هەرێمی کوردستان.

ئەو یەکێتییە دەڵێت، ناکرێت بەهیچ شێوەیەک رێگە بەو کەسانە بدرێت، کە بەدڕەوشتی و دیاردەی نامۆ و سەیر و قێزەون ئەنجام دەدەن، یان ریکلامی بۆ دەکەن، بەم دواییانە هەندێک دیاردەو دەنگۆی نامۆ بە دین و ژینی گەلەکەمان هەست پێ دەکرێت.

لەو راگەیەندراوەدا کە لەپێگەی خۆی ئەمڕۆ سێشەممە 19.8.2025 بڵاوی کردووەتەوە باس لەوەکراوە، ئەمە پێچەوانەی ئایین و یاساو ئادابی گشتی و بەهاو نەریتی رەسەنی کوردەوارییە و دواجار سومعەی هەرێمەکەمان لەکەدار دەکات.

یەکێتی زانایانی ئاینیی هەرێمی کوردستان وا دیارە مەبەستی، ئەو دیمەن و تۆمارە ڤیدیۆییانە بوو کە بەم دواییانە کەسانێکی لەسەر دەستگیرکراون، وە وتوویەتی، داواش لە لایەنی پەیوەندیدار بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ دەکەین، رێکاری توندو پێویست بگرنەبەر بەرامبەر ئەو جۆرە کەس و کردانە.

دەقی بڵاوکراوەکەی یەکێتی زانایان؛

لەسەر ئەو دەنگۆ نامۆیانەی ماوەیەکە لێرەو لەوێ قسەو باسیان لێوە دەکرێت، یەکێتی زانایانی ئایینی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

ئێمە لە یەکێتی زانایان داکۆکی تەواو لە پاراستنی بەها ئایینی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان دەکەین، کە کورد وەک گەلێکی دیندارو پارێزکار دەستی پێوە گرتووە.

ناکرێت بەهیچ شێوەیەک رێگە بەو کەسانە بدرێت، کە بەدڕەوشتی و دیاردەی نامۆو سەیرو قێزەون ئەنجام دەدەن یان ریکلامی بۆ دەکەن، بەم دواییانە هەندێک دیاردەو دەنگۆی نامۆ بە دین و ژینی گەلەکەمان هەست پێ دەکرێت، ئەمەش پێچەوانەی ئایین و یاساو ئادابی گشتی و بەهاو نەریتی رەسەنی کوردەوارییەو دواجار سومعەی هەرێمەکەمان لکەدار دەکات.

داواش لە لایەنی پەیوەندیدار بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ دەکەین، رێکاری توندو پێویست بگرنە بەر؛ بەرامبەر ئەو جۆرە کەس و کردانە.

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
۱۹ی ئابی ۲٠۲۵