بەڵگەنامەیەکی نهێنی بەریتانیا ئاشکرای کرد
عێراق تەنیا یەک هەنگاو لە وەڵامێکی ئەتۆمیی ئیسرائیلەوە دوور بوو
ژێوار خدر
بەپێی بەڵگەنامەیەکی نهێنیی بەریتانیا، ئیسرائیل ئامادەکاری کردبوو بۆ لێدانی عێراق بە چەکی ئەتۆمی ئەگەر رژێمی سەدام حوسێن چەکی کیمیایی بەکارهێنابا.
بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیا کە تازە ئاشکرا کراون، دەریدەخەن کە لە کاتی شەڕی عێراق لە ساڵی 1991 کە شەڕی رزگارکردنی کوێت، مەترسییەکی گەورە هەبووە لەوەی رژێمی سەدام حوسێن چەکی کیمیایی دژی سعودیە یان ئیسرائیل بەکاربهێنێت.
بەپێی راپۆرتێک، دان کوئیل، جێگری سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا، هۆشداری دابوو کە هەر هێرشێکی لەو شێوەیەی عێراق، دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل بە چەکی ئەتۆمی وەڵام بداتەوە.
هەروەها حوسنی موبارەک، سەرۆکی ئەوکاتی میسر، ئاگاداری کردبوو، کە ئەگەر سەدام هەست بە بێهیوایی بکات، لەوانەیە ئەو چەکانە بەکاربهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەریتانیا گومانی هەبووە لە توانای عێراق بۆ گەیاندنی ئەو چەکانە بە شوێنە دوورەکان، بەڵام پێشبینی کردووە کە لە شەڕی زەمینیدا بەکاریان بهێنێت.