شوانه‌كه‌ له‌ خه‌فه‌تان جه‌ڵته‌ لێى داوه‌

لە گوندێکی ناحیەی باعەدرێ نزیکەی 200 سەرەمەڕ و بزن مرداربوونەتەوە

964+
هیڤی دێوالی – دهۆک

لە گوندێکی ناحیەی باعەدرێ، 200 سەرەمەڕ و بزنی شوانێک مرداربوونەتەوە، شوانەکەش بەهۆی بیستنی ئەم کارەساتە جەڵتەی دڵ لێیدەدات و لەئێستادا تەندروستی جێگیرە.
رووداوه‌كه‌، درەنگانی شەوی رابردوو، لە نزیک گوندی مەمانێ روویداوه‌، بزن و مەڕه‌كان هی شەش ماڵی گونده‌كه‌ بوون لە کاتی گەرانەوەیان لە ئاقار، لە ناکاو دوو گورگ هێرش دەکەنەسەر مەڕ و بزنەکان. لەترسان ژمارەیەکەی زۆریان دەکەونە سەر یەکتری لەناو دۆڵێک دا ،و بەهۆی تەنگەنەفسیەوە 200 سەر مردار دەبنەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 2025.8.14، محەمەد مەمانی دراوسێی شوانەکە بە 964ـی وت، درەنگانی شەوی رابردوو، دوو مێردمنداڵ چاودێری مەڕ و بزنەکیان دەکرد، و لەناکاو گوێیان لە دەنگی گوڕگ دەبێت و دەترسن، دواتر ته‌اوى ئه‌م مه‌ڕ و بزانانه‌ له‌ دۆڵێکی قووڵ به‌رتەسک به‌ مرداربووى بیندراون.
وتیشی “ئاژه‌ڵه‌كان هه‌موویان دەکەونە سەر یەکتر و پێده‌چێت به‌هۆى تەنگەنەفەسییه‌وه‌ مرداربووبنەوە”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، زیانێکی زۆر بەر هەر شەش ماڵەکە کەوتووە، چونکە نرخی هەر جووتێکیان نزیکەی 550 هەزار دینارە.
باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و شوانەى کە سەرپەرشتی ئاژەڵەکانی دەکرد، لەکاتی بیستنی مرداربوونی مەڕ و بزنەکانی خەفەتێکی یەکجار زۆری خواردووە، تووشی جەڵتەی دڵ بووە، درەنگانی شەوی رابردوو رەوانەی نەخۆشخانە کرا و دواى چەند کاتژمێرێك لە نەخۆشخانە گەڕاوەتەوە و ئێستا تەندروستی جێگیرە.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن