دەستی مردوو یان ئامێری رۆژی قیامەت، سیستەمە تۆقێنەرە نهێنییەکەی روسیا
+964
ژووری هەواڵ
دەستی مردوو، یان ئامێری رۆژی قیامەت، سیستەمە تۆقێنەرە نهێنییەکەی روسیا کە دەشێت نیوەی جیهان لەناو ببات و تەنیا لەماوەی نیو کاتژمێردا ئەمەریکا لەسەر نەخشە بسڕێتەوە.
ئەم سیستەمە بۆ ئەوە دروستکراوە ئەگەر روسیا گەیشتە لێواری لەناوچوون و گیانەڵا، دنیا بەخۆیەوە بسوتێنێت.
تائێستا وردەکاری ئەم سیستەمە بەتەواوی نەزاندراوە، چونکە لەوەتەی دروستکراوە زۆر بەنهێنی ماوەتەوەو دەزگا هەواڵگرییە زەبەلاحەکەنیش چەند هەوڵیان داوە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە پەی پێ ببەن.
ئەوەی تائێستا لەبارەی ئەم سیستەمەوە دەزانرێت ئەوەیە، هەرکاتێک هێرشی ئەتۆمی کرایە سەر روسیا، ئەوا راستەوخۆ هەموو موشەکە ئەتۆمییەکانی روسیا کارا دەبن و پەلاماری ئەمریکاو چەند وڵاتێکی جیهان دەدەن.
سەرەتای دروسکردنی ئەم سیستەمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەڕی سارد، بەتایبەتی ساڵی 1985 ئەو سەردەمە یەکێتی سۆڤێت دروستی کردووە تا تۆڵە لەو وڵاتانە بکاتەوە کە هێرشی دەکەنە سەر.
سیستەمەکە بەم شێوەیە کاردەکات:
چەند هەستەوەرێکی پێوانەکردن لەسەرانسەری روسیا داندراوە، ئەگەر لەپڕ زەمین لەرزەو گۆڕانی کەشوهەوا روویداو تیشکی ئەتۆم بڵاوبووەوە، ئەوا سیستەمەکە راستەوخۆ پەیوەندی دەکات بە سەرۆکی وڵات و گەورە بەرپرسەکانەوە، ئەگەر لە ماوەیەکی دیاریکراودا وەڵامیان نەبوو، مانای ئەوەیە رووسیا هێرشی ئەتۆمی کراوەتە سەرو هەموو سەرکردەکان و خەڵکەکەی لەناوچوون، بۆیە بەبێ ئەوەی فەرمان لە هیچ کەسێک وەربگرێت، راستەوخۆ چەند موشەکێک بۆ ئاسمان هەڵدەدات، هەموو موشەکەکان ئامێری تایبەتیان لەسەرە کە بە سیستەمی بێسیم شەپۆل بۆ موشەکە ئەتۆمییەکان دەنێرن، دوای ئەمە لە هەر شوێنێکی روسیا موشەکی ئەتۆم مابێت، ئەوا بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارا دەبێت و روودەکاتە ئەو ئامانجانەی پێشتر بۆی دیاریکراون، بەشی هەرە زۆری ئامانجەکانیش لەسەر خاکی ئەمریکان.
روسیا ئەم سیستەمەی بۆ ئەوە دروستکردووە، لەکاتی لەناوچوونیشی دەستە مردووەکەی بوەشێنێت و تۆڵەی خۆی بکاتەوە.