"نەریتێكی كۆنی هەولێری و توركمانەكانە"
لە هەولێر خواردنی هەریسە دابەش دەكرێت
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
هاوڵاتییەكی هەولێر لە بەردەم ماڵەكەی خۆی خواردنی هەریسەی ئامادە كردووە و دابەشی دراوسێ و خزم و دۆستانی دەكات، دەشڵێت، خواردنەكە پەیوەندی بە شیعە و سوننەوە نییە.
کارزان سەمەد، هاوڵاتییەكی هەولێرە كە لەگەڵ چەند كەسێكی دیكەی نزیكی، خواردنەكەیان دروست كردووە و مەنجەڵی گەورە و ئاگریان لە بەردەم ماڵەكەیان داناوە، ئەو بە 964ی وت، “لە دوێنێ شەوەوە دەستمان کردووە بە ئامادەکردنی خواردنی هەریسە و خەڵکیش پێشوازی لێدەکەن، ساڵی رابردوو شەش مەنجەڵمان کرد، بەڵام ئەمساڵ چوار مەنجەڵمان ئامادەکرد و بەشیشی نەکرد، بمانزانیایە زیاترمان ئامادە دەكرد”.
“بەخۆم شیعە نیمە و سوننەمە، بەڵام ئەو خواردنە پەیوەندی بە شیعە و سوننەوە نییە، کاتی خۆی خەرکی هەولێرێ بە تایبەت تورکمانەکان ئەو خواردنەیان دەکرد، ئێستە بوویتە هی شیعەکان”، كارزان سەمەد وای وت.
هەریسە، خواردنێكە زیاتر لە رۆژانی عاشوورا و چلەی ئیمام حوسێن دروست دەكرێت، بە تایبەتی لە ناوچەی شیعەمەزهەبەكانی عێراق و هەروەها ئێرانیش، وەك خێر بەسەر خەڵك دابەش دەكرێ، كە لە قیمەی گۆشت و نۆك و لۆبیا و بەهارانی تایبەت بەخۆی و برنج پێكهاتووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا