دیمهنێكی سیستمى كارهباى سۆلار _ وێنه: بۆ 964 نێردراوە
سوودی دەچێتەسەر؟
30 ملیۆن تاوەکو یەک ملیار دینار دەدرێت بەو کەسانەی سۆلار دادەنێن
964+
رێباز خدر – هەولێر
بانکی جیهان لە هەولێر، بەهاوئاهەنگی بانکی ناوەندی عێراق، بڕی 30 ملیۆن دینار دەدات بە هەر هاوڵاتیەک کە مووچەخۆر بێت لە کەرتی حکومی یاخود کەرتی تایبەت، وە تاوەکو بڕی یەک ملیار دیناریش دەدات بە خاوەن کۆمپانیا و خاوەن پڕۆژەکان بەو مەرجەی تۆمار رابن.
ئەوەش لە بەرامبەر دانانی سیستمی سۆلار و سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر.
ئاشنا حمە زیاد، کارمەندی بەشی کۆمپانیاکانە لە بانکی جیهان بە 964 ی وت، سەبارەت بەو موچەخۆرانەی کە بەشدارن لە پڕۆژەی هەژماری من لە بانکی جیهان، پێویستە موچەخۆرێک بکاتە کەفیلی خۆی کە لە بانکەکەمان هەژماری بانکی هەبێت و وە پێویستە موچەکەی کەمتر نەبێت لە 800 هەزار دینار.
گەر کەفیلەکە لە بانکی جیهان هەژماری بانکی نەبێت، ئەوا پێویستە کەسی داواکار دوو کەفیل بهێنێت، کە هەژماری بانکیان هەبێت لە بانکەکانی تر، ئینجا دەتوانت تاوەکو 10 ملیۆن دینار پارە رابکێشێت، بەڵا، ئەگەر بڕی پارەکە زیاتر بێت لە 10 ملیۆن تاوەکو 30 ملیۆن دینار، ئەوا دەبێت کەسی داواکار دوو کەفیلی موچەخۆری هەبێت کە هەژمارەکەی لە بانکی جیهان بێت.
کۆمەڵێک مەرج و داواکاریش هەیە سەبارەت بە کۆمپانیا و خاوەن پڕۆژەکان، کە گەرەنتی کردنی ئەوان جیاوازە، بە پێی خواستی داواکارە، زۆربەی کات پێویستە ئەوان تاپۆی زەوی یاخود خانوو یاخود شوێنێکی بازرگانی بهێنێت، نرخەکەی بە پێی راکێشانی پارەکە کە دەتوانێت تاوەکو یەک ملیار دینار رابکێشێت، دیاری دەکرێت، بۆ هەر ساڵێک رێژەی %0.5 سودی دەچێتە سەر، کۆی گشتی هەر حەوت ساڵەکە دەگاتە %3.5 .
ئەمە لە کاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەیەکە پڕۆژەی رووناکی “24 کاتژمێر کارەبای” راگەیاندووە، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن کەس تێیدا سودمەندبوون، بڕیار وایە پرۆژەکە هەموو کوردستان بگرێتەوە و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، هەموو کوردستان دەبێت بە کارەبای 24 کاتژمێری.
هەر ئەو بانکە نا، لە راگەیندراوێكدا بانکی رەشید پێشتر بڵاویکردەوە، دەستپێکردنی قەرزی تایبەتی بۆ کڕینی سیستەمی وزەی خۆر دەستیپێکردووە کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت بە بڕی تا 30 ملیۆن دینار، ، قەرەزەکەش بە رێژەی 3% سوودی دەچێتەسەر.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا