لە زاخۆ 16 ساڵە بەمشێوەیە نەبووە

 دوو بیرى ئیرتیوازى وشک بوون؛ 40 بیرى تر ئاستى ئاوەکەیان دابەزیوە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

کەمبارانى ئەمساڵ، جگە لەوەى بووەتە هۆى کەمبوونەوەى ئاوى چەم و رووبارەکان، لە سنوورى زاخۆ کاریگەرى کردووەتە سەر بیرەکان و دوو بیر بە تەواوەتى وشکبوون.

لەسنوری ئیدارەی زاخۆ 635 بیرئیرتیوازی هەن، لەو ژمارەیە 250 بیر بۆ خواردنەوە بەکاردێن و 385ـی دیکە بۆ کشتۆکاڵ.

هەردوو گوندى حەسەن ئاڤا و بێزهـ، بیرە ئیرتیوازییەکانیان کە سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەیانە وشکبوون.

محەمەد یاسین، بەرێوەبەری ئاوی ژێرزەوی زاخۆ بە 964ـى وت،”وەرزى چاندن و کشتوکاڵ بەبێ زیان کۆتایى هات، لە مانگى نۆوە جۆرە سەقامگیرییەک بەسەر ئاوى ژێر زەوى دیت و لە مانگى 10 بەدواوە، پشت بەخوا دووبارە ئاستى ئاوى ژێر زەوى بەرز دەبێتەوە”.

بە وتەى محەمەد یاسین، هەرچەندە 16 ساڵە بەمشێوەیە نەبووە، بەڵام قوڵایى ئاوی ژێرزەوی بۆ بیر لێدان لەزاخۆ 300 مەترە، بەراورد بەناوچەکانی تری هەرێم 200 بۆ 300 مەتر کەمترە.

لای خویەوە ئەندازیار ساڵح حەسەن، بەرێوەبەری ئاوی زاخۆ بە 964ـى وت،” یەدەگی باشمان لەپروژەی ئاوی زاخۆ هەیە، هەر شوێنێک بێ ئاو بێت راستەوخۆ لەپروژەکەمان پێ دەگەینن و ئەو دوو گوندەش کە بیرەکانیان وشکبوون کێشەکەیان بۆ چارەسەرکراوە”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە دەوروبەری هەولێر 58 بیر وشکی کردووە

لە دەوروبەری هەولێر 58 بیر وشکی کردووە