ژمارەیەک پێشمەرگە لەکاتی ئۆپراسیۆنێکدا دەردەکەون _ وێنە: وەزارەتی پێشمەرگە
لە بودجەی 2026
پێنتاگۆن لە پێشنیارەکەی بودجەی پێشمەرگەی زیاد کردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا “پێنتاگۆن”، لە هاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە لە ساڵی 2026، بۆ مەشق و ئامێری دوو بەشی زیادەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە خۆدەگرێت، بەڵام دواتر کۆتایی بە یارمەتییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دەهێنێت.
ئەو هاوکارییەی پێنتاگۆن، مەشق و ئامێر بۆ دوو فیرقەی زیادەی هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکات.
کۆی بودجەکەش 61 ملیۆن دۆلار و 14 هەزار و 940 دۆلاری ئەمریکییە، کە کەمێک زیادی کردووە لە ساڵی 2025، کە پنتاگۆن 57 ملیۆن دۆلار و 792 هەزار و 529 دۆلاری دانابوو، بۆ مەشق و کەلوپەل بۆ پێشمەرگە.
جگە لەوەش 16,247,060 دۆلار دابینکراوە بۆ پاراستنی ئەو کەلوپەلانەی پێشتر بۆ هێزی پێشمەرگە دابینکرابوون.
پێشنیارەکە باس لەوە دەکات کە تا ساڵی 2026، پێکهاتەی هێزی پێشمەرگە شەش فیرقە لەخۆدەگرێت، کە وەک توخمەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆن کاردەکەن بۆ ئاراستەکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لە ڕێگەی لیواکانی پاسەوانی ناوچەیی (RGBs) لە ئاستی تاکتیکیدا.
لە پێشنیاری بودجەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوە، وەزارەتی پێشمەرگە سێ سەنتەری راهێنان، کۆلێژی راهێنانی کارمەندان، دوو فەرماندەیی هێزی پشتیوانی و چەندین یەکەی لۆجستیکی دادەمەزرێنێت، بۆ جێبەجێکردنی ئەم گۆڕانکاری و چاکسازییانە، پێشمەرگە پێویستی بە پشتیوانی چوارچێوەی مەشق و هەڵسەنگاندنی هاوپەیمانی هەیە.
بەڵام لە بودجەی ساڵی 2026ی پێنتاگۆن کۆتایی بە بەرنامەی یارمەتی پێشمەرگەش دێت، وەک لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە کە لە ساڵی 2022 واژۆ کراوە.