وەڵامەكەی لە 964 وەرگرە

بەشەخۆراك چۆن هاتە ئاراوە و كێ‌ پێشنیاری كرد بۆ سەدام؟

964+

محەمەد فاتیح

دوای سەپاندنی گەمارۆی ئابوری گشتگیر بەسەر عێراق دا، بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەگەر بیرۆكەی بەشە خۆراك نەبوایە، هاوڵاتییانی عێراق رووبەڕووی پرسێتی و نەهامەتییەكی زۆر دەبنەوە و دوور نەبوو ببیستین، كە هاوڵاتییەكی عێراقی لە فڵان پارێزگا لەبرسا گیانى سپاردووە.

لە 9.8.1990، دوای مانگێك لە داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە و سەپاندنی گەمارۆی ئابوری نێودەوڵەتی بەسەر عێراق دا، محەمەد مەهدی ساڵح وەزیری بازرگانی ئەوكاتە، پێشنیاری بۆ سەدام حسێن سەرۆك كۆماری لە سێدارەدراوی عێراق كرد، بەشەخۆراك بەسەر هاوڵاتییان دا دابەشبكرێت و بۆ رۆژی دواتر 10.8.1990، راستەوخۆ سەدام پێشنیارەكەی پەسەند كرد و لە 1.9.1990 پێشنیارەكە بەمەبەستی كەمكردنەوەی دەرئەنجامەكانی گەمارۆ ئابورییەكەی سەر عێراق جێبەجێ‌ كرا.

مادە خۆراكییەكان لە ئوردن و گەنداوی عەرەبی و توركیاوە داخڵی عێراق دەكران و  لە ساڵی 1997، لە دوای رێكەوتنی نەوت بەرامبەر بە خۆراك، جۆری مادە خۆراكییەكانی بەشەخۆراك باشتركران و تاكو ساڵی 2003 بەردوام بوو، ئەمە لەكاتێكدا، هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان، تاكو ساڵی 1994 بێبەشكرابون لە بەشەخۆراك و لە بەرنامەی خۆراكی جیهانی بەشەخۆراكیان وەردەگرت، بەڵام لەو ساڵەوە حكومەتی عێراق بڕیاریدا، بۆ هەرێمیش بنێردرێت و تاكو ساڵی 2003 كە ژمارەی دانیشتوانیان ئەوكاتە 750 هەزار بوو، مانگانە 60 تۆن مادەی خۆراكی بۆ دەناردن.

بە باشترین بەرنامەی خۆراك لە هەموو جیهان دا وەسفكراوە

لە دوای روخانی رژێمی سەدامیش، دوای ئەوەی بێكار دەستیپێكرد و نرخەكان بەرزبوونەوە و وردە وردە گەندەڵی سەری هەڵدا، بەرنامەی بەشەخۆراك بەردەوام بوو، ئەوە بوو لە 15.1.2004، وەزارەتی بازرگانی عێراق، كاركردنی بە بەرنامەی بەشەخۆراك درێژكردەوە و چوار ملیار دۆلاری بۆ تەرخان كرا.

بەشەخۆراك هۆكارێكی سەرەكی بوو، كە عێراقییەكانی لە برسێتی رزگاركرد لەكاتی گەمارۆی ئابوری و لە ساڵی 1990 تاكو 2003، لە هەر پێنج كەس سێ‌ كەسیان پشتی بە بەشەخۆراك بەستووە و بەپێی داتا فەرمییەكانیش لە ساڵی 2007، 15 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی لەسەر بەشەخۆراك ژیاون و تەنانەت رۆژنامەی واشنتن پۆست لە 3.2.2003 بڵاویكردەوە، كە بەشەخۆراكى ئەو كاتە، گەورەترین و باشترین بەرنامە بووە لە هەموو جیهان دا بۆ دابەشكردنی خۆراك.

لەئێستادا بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بازرگانی عێراق، بەشەخۆراك ساڵانە بە شێوەیەكی رێك و پێك دابەش ناكرێت و ئەمیشیان وەك موچەكەی فەرامانبەرانی هەرێم لێكردووە، لە ساڵیكدا 10 جار یان كەمتر دابەشی دەكەن.

964 هۆكاری كەموكوڕییەكانی بەشەخۆراک ئاشكرا دەكات

964 هۆكاری كەموكوڕییەكانی بەشەخۆراک ئاشكرا دەكات