باڵەخانەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر _ وێنە: 964
پێشانگەی نێودەوڵەتی هەیە
هیندستان دەرگای بۆ بازرگانانی هەولێر كردەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەلەمنیۆم لە شاری نیودەلهی لە وڵاتی هیندستان بەڕێوەدەچێت، بازرگانانی هەولێر دەتوانن بەشداریی بكەن و ژووری بازرگانییش ئاسانكارییان بۆ دەكات.
ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر كامەران محەمەد ساڵح ئەمڕۆ شەممە بە 964ی راگەیاند، كە پێشانگەكە لە سێکتەرەکانی (بازرگانیی گشتی، بیناسازی، دەرگا و پەنجەرە، پانێلی وزەی خۆر و کەلوپەلی پەیوەست بە ئەلەمنیۆم) دەبێت.
وتیشی، بازرگانان، خاوەنکار و پیشەوەرانی ئەندامی ژووری بازرگانیی هەولێر دەتوانن بەشداریی بكەن، بۆ ئەمەش دەتوانن بۆ سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بەشی پەیوەندیەکان بکەن، بۆ ئەوەی ناویان تۆمار بكرێت و ئاسانكارییان بۆ بكرێت.
ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی، هەروەها روونیكردەوە، كە بۆ پێشانگەكەی هیندستان شوێنی نیشتەجێبوون، نانخواردنی بەیانیان و گەڕاندنەوەی بەشێك لە تێچووی گەشتەکەی و چەند خزمەتگوزارییەکی تر، لەسەر ئەستۆی رێکخەری پێشانگەکە دەبێت.