لە چاوەڕوانی ترەمپ و پوتیندا

هەموو دنیا لە ناتەنیاهۆ هاتووە دەنگ و ئەویش دەڵێت هەر دەیکەم

دەنگوباسی هەرە گەرموگوڕ لە چەند کاتژمێری رابردوودا کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ترەمپ و پۆتینە، لەگەڵ ئامادەکاری سوپای ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی سەر غەزە.

964 کردوویەتی بە نەریت، هەموو بەیانییەک کورت و پوخت ئەو هەواڵانە کۆ دەکاتەوە کە شەوی رابردوو روویانداوە، زۆربەشیان ئەوانەن لەدوای 12ی شەوەوە روویانداوە.

ئەمە پوختەکەی ئەمڕۆیە (شەممە – 09.08.2025)

–       دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند رۆژی هەینی داهاتوو 15ی مانگ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا لە ئەلاسکا کۆدەبێتەوە.
–       کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەیە چارەیەک بۆ شەڕی روسیا و ئۆکرانیا بدۆزرێتەوە، بەدوور نازاندرێت ئەمریکا رازی ببێت روسیا بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا بۆ خۆی ببات.
–       کۆشکی کریملن هەڵوێستی خۆی لەسەر دیاریکردنی شوێنی کۆبوونەوەی لوتکەی ئەمریکا و روسیا دەربڕی و رایگەیاند: هەڵبژاردنی شوێنی کۆبوونەوەکە زۆر گونجاوەو دەرخەری ئەوەیە هەردوو وڵات دوو دراوسێی باشی یەکترن.
–       رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نوسیویەتی: مەرجی پوتین بۆ راوەستانی شەڕ ئەوەیە ئۆکرانیا لە هەرێمی دۆنیسک بکشێتەوەو بەتەواویش دەستبەرداری هەرێمی دۆنباس ببێت.
–       دوای رەزامەندی حکومەتە ئەمنییەکەی ئیسرائیل لەسەر پلانەکەی ناتەنیاهۆ، ئەگەری روودانی هێرشی بەرفراوانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەزە لە ئان و ساتدایە.
–       وێنەی مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن کە ئیسرائیل هێزێکی زۆری لە ناوچەی (ناحال عوز) کۆکردووەتەوەو ئامادەسازی دەکات بۆ هێرشکردن.
–       نیویۆرک تایمز نوسیویەتی: بەشێکی زۆری بەرپرسە ئەمنییەکان و تەنانەت سوپاسالاری ئیسرائیلیش ئەنجامدانی ئەو هێرشەیان پێ باش نییە.
–       وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و ئەڵمانیاو ئیتاڵیاو ئوستورالیاو نیوزلەندا لە دژی هێرشەکەی ئیسرائیل کەوتنە قسەو دەڵێن نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەو هێرشە ئەنجام بدرێت.
–       وتەبێژی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەڵێت: هەر هێرشێکی ئیسرائیل کارەساتی مرۆیی دروست دەکات.
–       تۆڕی NBC ئەمەریکی دەڵێت: ئەو کۆنگرێسمانە دیموکراتانەی سەرسەختانە بەرگری لە ئیسرائیل دەکەن، زۆربەی زۆریان دژی پلانە تازەکەی ناتەنیاهۆن.
–       ئەڵمانیا لەلای خۆیەوە بڕیاریدا بە هەموو جۆرێک ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل رابگرێت، نەوەک بۆ ئەم پلانە تازەیەی ناتەنیاهۆ بەکاربهێندرێت.
–       تانەنیاهۆ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا کردووەو نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە راگرتنی چەک و وتوویەتی: ئامانجمان ئەوە نییە غەزە کۆنترۆڵ بکەین، بەڵکو دەمانەوێت لە حەماس رزگاری بکەین و حکومەتێکی مەدەنی لەوێ دابمەزرێت.
–       لە لوبنان بارودۆخ لەباش ناچێت، لەوەتەی باسوخواسی دانانی چەکی حیزبوڵا هاتووەتە ئاراوە، لایەنگرانی ئەو حیزبە کەوتوونەتە جموجۆڵ و دوێنێ شەویش ژمارەیەکی زۆری ماتۆڕسوار رژانە سەر شەقامەکان و بۆ ماوەیەل بەشێک لە رێگا سەرەکییەکانیان داخست، بە تایبەتی ئەو رێیەی دەچێتەوە بۆ فڕۆکەخانە.
–       پەیوەست بە ئازربایجان و ئەرمینیا، دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەردوو وڵات کۆبووەوە رایگەیاند: هەردوو وڵات رێککەوتن بۆ هەتا هەتایە شەڕ نەکەن.
–       هەر لەسەر باسوخواسی ترەمپ، رۆژنامەی واشنتن پۆست نوسیویەتی: ئیدارەی ترەمپ بیر لەوە دەکاتەوە هێزی سەربازی دژی مافیاکانی مەکسیک بەکاربهێنێت، بەشێک لە پلانەکە ئەوەیە لە رێی کەشتییە سەربازییەکانەوە بنکەکانیان بۆردومان بکات.
–       هەر دوێنێ شەو لە تورکیا و بە دیاریکراوی لە ناوچەی چەناککالا ئاگرێکی گەورە کەوتبووەوە.
–       دوێنێ شەو دراوی ئەلکتۆنی (ئیسریۆم) ئاستێکی پێوانەیی بۆ ئەمساڵ تۆمارکردو نرخی یەک دانەی گەیشتە 4 هەزار دۆلار.
–       کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئیمارات رایگەیاند: لە رۆژی 1ی ئۆکتۆبەرەوە گەشتیاران بۆیان هەیە لەسەر ئەو هێڵە تەنیا یەک پاوەربانک هەڵبگرن، بەو مەرجەی لە 100 وات زیاتر نەبێت، ئەویش دەبێ شەحنی بکەن و لەگەڵ خۆیان نەیبەنە ناو فڕۆکەکە.
–       لە عێراق دوو باسی گەرم هەیە، یەکەمیان ئامادەکاری بۆ چلەی ئیمام حوسێن و دووەمیان ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن.