هەفتە بازاڕی کشتوکاڵی
هەڵەبجە پێش پاییز هەنارێکی نوێی خستە بازاڕەوە
+964
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لە هەفتە بازاڕی کشتوکاڵی هەڵەبجەدا دەیان جۆر بەرهەمی جیاواز نمایشکراوە، هەرچەندە هێشتا وەرزی هاوینە و هەنار پێنەگەیشتووە، بەڵام جوتیارێك جۆرە هەنارێکی جیاوازی نمایشکردووە، كە دوو مانگ پێش وادەی كەوتنەبازاڕی هەنار، پێگەیشتووە و بە تەواوی جیاوازە و رەنگەکەشی سوورە و پێگەیشتووە.
کەیوان فەریق، كە جوتیار و فرۆشیارە، دەربارەی جۆری هەنارەکە بە 964ی وت: “هەنارەكە لە گوندی تەپەتۆڵەکە بەرهەم هاتووە، دوو مانگ پێش هەناری ئاسایی هەڵەبجە و 20 رۆژ پێش هەناری هیران و نازەنین پێدەگات، جۆرێکی تایبەتە و چەند ساڵێکە ئێمە کار لەسەر بەرهەمهێنانی دەکەین، جگە لەوەش چەندین جۆری جیاوازی سەوزە و میوەمان هەیە و ئەمڕۆش نمایشمان کردووە”.
سەبارەت بە هەناری ئەمساڵی هەڵەبجە کەیوان فەریق وتی:” هەرچەندە هێشتا زووە، بەڵام کەمئاوی و وشکەساڵی ئەمساڵ پێناچێت کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە بەرهەمی هەناری ئەمساڵ هەبێت، چاوەڕێی بەرهەمێکی باش دەکەین”.
هەناری هەڵەبجە ساڵانە لە پاییز پێدەگات و فێستیڤاڵی بۆ سازدەكرێ، بەڵام ئەمساڵ ئەم بەرهەمە نوێیە هەفتەبازاڕێكی بەدوای خۆیدا هێناوە و جگە لەویش، ترێی دەنك درێژ و كولەكەیەكی زۆر تایبەتیش بەرهەمهێنراوە و نمایش دەكرێت و هاوڵاتیانیش دەتوانن بیكڕن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا