دوای ئەوەی شارەزایەكی بواری نەوت هەمان قسەی بۆ 964 كرد

سۆمۆش دەڵێت هیچ كێشەیەكمان نەماوە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم

964+

محەمەد فاتیح

دوای ئەوەی شارەزایەكی بواری نەوت، بۆ 964ـی ئاشكرا كرد، كە هیچ كۆسپێك نەماوە لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی سۆمۆش دووپاتیكردەوە، كه هیچ كێشەیەكیان نەماوە و بە تەواوەتی ئامادەى هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمن.

عەلی نزار، بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقیيه دەڵێت، سۆمۆ هەموو ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە و گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی کڕین ئەنجامداوە، بۆ هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە.

“هەرچ كاتێك کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت لە هەرێم دەستیانکرد بە گەیاندنی بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو، ئێمە بە تەواوەتی ئامادەين دەستبكەینەوە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان”.

پێشتر دكتۆر گۆڤەند شێروانی، ئەكادیمی و شارەزای بواری نەوت، زانیاری تایبەتی بە 964دا و وتی، “كرێی كۆمپانیاكانیش بە شێوەیەكی كاتی چارەسەر بووە، تاكو كۆمپانیایەكی بیانی پسپۆڕ دێت و خەمڵاندن دەكات بۆ کێڵگە نەوتییەكان و هیچ گرفتێك لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان نەماوە، بێجگە لە چەند كێشەیەكی تەكنیكی”.

"هیچ كۆسپێك نەماوە لە بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم"