نان لە قوڕگی شێردایە
کۆڵان بە کۆڵان قوتو لەناو زبڵەکان کۆدەکەنەوە بۆ پەیداکردنی عانەیەک
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
ژیانی ئەمڕۆم دەفرۆشم بۆ کڕینی نانی سبەی، ئەم کۆپلە گۆرانیەی نەجمەدینی غولامی پڕ بە پێستی هەندێک کاسبکار و رەنجدەرە، کە تەواو رۆژەکەی کاردەکات بۆ پەیداکردنی نانێک بۆ ماڵ و منداڵەکەی، هیچ کەسیش لەو کارە سەختە ناگات تا لە شوێنی ئەزموون نەکات.
پەیامنێری 964 ئەزموونی کارێکی پڕ لە ناڕەحەتی کرد و 10 کاتژمێر لەگەڵ مام عەبدۆ، کە کاری کۆکردنەوەی قوتو دەکات لەناو زبڵی کۆڵان و شەقامەکان هەمان کاری کرد، تا مەیدانی هەنگاو بە هەنگاو تێبگات ئازارەکانی پەیداکردنی عانەیەک لە قوتویەکی ناخاوێن چییە و لەو رێگایەش تووشی چی دەبێت.
ئەحمەدی پەیامنێر لە فڕێدانی شوشەکان بێزار دەبێت، بەڵام ئەوەی هەراسانی دەکات بۆنی ناخۆشە بەتایبەت لە هەندێک جێگا کە ئاژەڵەکان لێی مرداربوونەتەوە، هەرئەوەشە کە دەڵێن تا کارێک تاقینەکەیتەوە نازانیت چ ناڕەحەتیەک هەیە.
کاتێک دەگاتە ناوەڕاستی نیوەڕۆ، لە ناو پارکێکی بلوارەکان پشوویەکی کورت دەدات و ئاوێک دەخواتەوە و دەڵێت، ئەوەی کۆمکردووەتەوە پارەکەی جارێ بەشی دەبەیەک ئاو ناکات.
لە کۆتایی رۆژەکەی و دوای 10 کاتژمێر کارکردن، ئەحمەد توانی 86 قوتو کۆبکاتەوە 1500 دینار پەیدابکات، ئەگەر بتەوێت بایەی 15 هەزار پەیدا بکەیت دەبێت 850 قوتو کۆبکەیتەوە و بکەویتە سەر ئەژنۆ و بچەمیتەوە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح