سێ گەڕەکی دێرینی دهۆک

نزیكەی 200 ماڵ رێگەی هاتوچۆیان تەنیا پلیكانەیە و بێ مەترسییش نین

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

بەشێکی سێ گەڕەکی شاری دهۆک، تاکە رێگەی هاتوچۆیان لەسەر پلیکانەیە، ئەوانیش كۆن بوونە و درزیان تێكەوتووە، وتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆکیش دەڵێت، بەشێكی زۆری خانووی ئەو گەڕەكانەش تاپۆ نەكراون.

زیاترە لە 40 ساڵە، دانیشتووانی بەشێک لە گەڕەکەکانی گەلی و گژەبەران و بەرۆشکێ لە رۆژهەلاتی شاری دهۆک بەهۆی هەلکەوتەی جوگرافیی ناوچەکەیانەوە رێگەی هاتوچۆیان سەختە و لەسەر بەرزایی گەڕەکەكان دروستکراون، هەروەها گەڕەکی گەلی و بە تایبەتی گژەبەران دەکەونە بناری چیای کێلیا شەدا، بۆیە بەشێک لە رێگەکان هاتوچۆیان تەنیا لە رێگەی ئەو پلیکانانەوەیە.

درێژترین ئەو پلیكانانە وەک رێگەی سەرەکی بەرکاردێن، لە گەڕەکی گژەبەرانە لە 122 پلیکانە پێکهاتووە، هەندێک لە کوڵانەکان لە 60 پلیکانە پێکهاتوون، کورتترینشیان نێوان 10 بۆ 15 پلیکانەیە لە گەڕەکانی بەرۆشکێ و گەلی و گژەبەران.

بەپێی بەدواداچوونێکی 964، بەشێکی ئەو پلیکانانەی کۆڵانەکان، بەهۆی کۆنییەوە درزیان تێکەوتووە و زیانیان پێگەیشتووە، چونكە زۆر دەمێكە نۆژەن نەکراونەتەوە.

کەنعان دۆسکی، موختاری گەڕەکی گژەبەران بە 964ـی وت، لە گەڕەکەكەیان  زیاتر لە دوو هەزار ماڵ  نیشتەجێن و رێگای بەشێکی زۆریان سەختە، بەڵام نزیکەی 200 ماڵ تاکە رێگەی هاتوچۆیان لەسەر پلیکانەكانە.

وتیشی، نرخی خانووەکانیان زۆر هەرزانە و لە نێوان 20 بۆ 30 هەزار دۆلارە (دوو دەفتەر بۆ سێ دەفتەر)، بەڵام ئەوانەی تاپۆ کراون 10 هەزار دۆلار (یەک دەفتەر) فەرقیان هەیە.

لەلای خۆیەوە، شێروان حەسەن، وتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک بە 964ـی وت، بەشێک لە دانیشتووان توانیویانە خانووەکان تاپۆ بکەن، بەڵام بەشی زۆری ئەو گەڕەکانە خانووەکان تاپۆ نەکراون، بەشێکیان هێشتا کارەکانیان تەواو نەکردووە و هەندێکیشیان لە قۆناغی تاپۆكردندان.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

زیاتر لە 20 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەولێر و ده...

زیاتر لە 20 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەولێر و دهۆک ماونەتەوە