ئامادەکارییەکان کراون

کۆمسیۆن بۆ 964: شەممە تیروپشک بۆ ژمارەی قەوارەکان دەکەین

964+
ئەحمەد مستەفا

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تەواوبوونی سەرجەم ئامادەکارییەکانی تیروپشکی پێدانی ژمارەی هەڵبژاردنی بە حزب و هاوپەیمانی و لیستە تاکەکەسییەکانی بەشداربووی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمان راگەیاند.

کە بڕیارە رۆژی شەممە 9.8.2025، لە بەغدا و لە هۆتێل مەنسوور بەڕێوەبچێ.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆن بە 964ی وت، وادەی تیروپشکەکە لە کاتژمێر 11:00ی بەیانییەوە بۆ کاتژمێر 6:00ی ئێوارە گۆڕاوە، ئەوەش بۆ ئاسانکاری و بۆ ئامادەبوونی نوێنەرانی قەوارە سیاسییەکان و میدیاکان.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشتر، رۆژی 9.10.2025ی وەک وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستنیشان کرد.

كورسییەكانی پەرلەمان پێكهاتوون لە 329 كورسی، كە 237 كورسیان بە كێبڕكێی ئاسایی هەڵبژاردن بەدەستدێت و هەروەها 83 كورسیان بۆ كۆتای ژنانە، كە هەر لە كێبڕكێی هەڵبژاردن كاندیدە ژنەكان دەیبەنەوە، هەروەها پێنج كورسی بۆ پێكهاتەی مەسیحی و یەك كورسی بۆ فەیلی و یەك كورسی بۆ ئێزدی و یەك كورسی بۆ شەبەك و یەك كورسی-ش بۆ سابیئە تەرخان كراوە.

وەك لە راپۆرتێکی پەرلەمانی عێراقدا دەردەكەوێت، 335 حزب كێبڕكێیانە بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسی، بە كورسی كۆتای پێكهاتەكانیشەوە و بەوەش دەردەكەوێت، كە ژمارەی حزبەكان لە ژمارەی كورسیەكان زیاترە.

رۆژی 11.11.2025، وادەی هەڵبژاردنەکەیە، نزیکەی هەشت هەزار و 788 ناوەندی دەنگدان و چل هەزار و 819 وێستگەی دەنگدان لە سەرتاسەری عێراق دادەنرێن، بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 29 ملیۆن هاوڵاتیی لە عێراقدا مافی دەنگدانیان هەیە.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: 46 كاندید بەهۆی نەبوونی مەرج دورخرا...

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: 46 كاندید بەهۆی نەبوونی مەرج دورخرانەوە