دیمەنەکان هەولێر و سلێمانی نیشان دەدەن - گرافیک: 964
964 روونی دەکاتەوە
دوو رۆژ پلەی گەرمی سلێمانی لە هەولێر بەرزتر بووە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەو پلە گەرمیەی لە وێستگەی کەشناسی سلێمانی لە رۆژانی “سێشەممە و چوارشەممە”ی رابردوو تۆمارکراوە دەریخستووە کە سلێمانی لە هەولێر گەرمتربێ، کەسی یەکەمی کەشناسی لە سلێمانی دەڵێ، هۆکارەکەی بۆ كەمی جووڵەی هەوا و ئاراستەی گەرماکەی دەگەرێتەوە، لەگەڵ بەرزی رادەی شێ لەچاو هەولێر.
ئەوەش، وای كردووە كە ئەو گەرمییەی سلێمانی وەریگرتووە، كاتێكی زیاتر بمێنێتەوە، ئەوەش روون بووەتەوە، لەو دوو رۆژەدا تێكڕای رادەی شێ لە وێسگەی كەشناسی هەولێر 15% بووە، بەڵام لە وێسگەی كەشناسی سلێمانی 21% تۆمار کراوە، لە کاتێکدا بەرچاوە، پلەی گەرمی هەولێر ساڵانە بەرزتر بووە لە سلێمانی.
جەوهەر حەمەلاو، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی لە پێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی، “بە تەلەفۆنیش نوسینەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە”، نوسیوویەتی، بەو پێیەی بەرزی وێسگەی كەشناسی هەولێر لە ئاستی رووی دەریاوە، 470 مەترە و بەرزی وێسگەی كەشناسی سلێمانی لە ئاستی رووی دەریاوە 884.8 مەترە، هەمیشە پلەی گەرمی هەوای وێسگەی كەشناسی هەولێر بەرزترە لە پلەی گەرمی هەوای وێسگەی كەشناسی سلێمانی.
رۆژی سێشەممە هەولێر، بەرزترین پلەی گەرمی 44 پلە بووە، بەڵام سلێمانی 45 پلەی تۆمار کردووە، رۆژی چوارشەممە هەولێر 43 پلە بووە، بەڵام سلێمانی 44 پلەی تۆمار کردووە، وەک ئەو بەڕێوەبەرە باسی کرد، هەندێ جار وا رێدەكەوێ كە وێسگەی كەشناسی سلێمانی پلەی گەرمی بەرزتر تۆمار بكات.
لەبەر ئەم هۆکارانە؛
یەکەم؛ شوێنی وێسگەكان: وێسگەی كەشناسی سلێمانی لە سەنتەری شاردایە و هەمیشەش سەنتەری شار گەرمترە لەچاو دەوروبەریدا، بەڵام وێسگەی كەشناسی هەولێر لە دەرەوەی شەقامی 120 مەتریە و لە شوێنێكی كراوەیە، بۆیە زۆر رۆژ پلەی گەرمییەكانیان وەك یەك یان نزیكن لەیەكەوە.
دووەم؛ ئاراستەی با: ئاراستەی با كاریگەری لە هێنانی بارستە هەوای گەرم لە ناوچەیەكی گەرم یان فێنكەوە هەیە، تێكڕای خێرایی با لەم دوو رۆژەدا لە وێسگەی كەشناسی هەولێر 2.7 مەتر بووە لە چركەیەكدا واتە جووڵەی هەوا باش بووە و ئاراستەكەشی هەندێ جار باكور كە تاڕادەیەك فێنكە و هەندێ جاریش رۆرئاوا و باشوری رۆرئاوا بووە، بەڵام لە وێسگەی كەشناسی سلێمانی تێكڕای خێرایی با 0.9 مەتر بووە لە چركەیەكدا واتە جووڵەی هەوا كەم بووە و هەوا پەنگی خوادووەتەوە و زیاتر گەرم بووە، ئاراستەكەشی بە تێكڕا رۆرئاوا بووە واتە لە ناوچەیەكی گەرمەوە هاتووە.
سێیەم؛ رادەی شێ: هەركاتێك رادەی شێ زیاد بوو، جگە لەوەی كە پلەی گەرمی هەستت پێكراو بە چەند پلەیەك بەرزتر دەبێ لە پلەی گەرمی هەوا، ئەو شێیە وا دەكات كە ئەو گەرمیەی هەوا وەریدەگرێت درەنگتر وون ببێ و زیاتر بمێنێتەوە، لەم دوو رۆژەدا تێكڕای رادەی شێ لە وێسگەی كەشناسی هەولێر 15% بووە، بەڵام لە وێسگەی كەشناسی سلێمانی 21% بووە.