دەبێت كورد فشار بخاتە سەر عێراق

عێراق دەتوانێت داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش بكات دادگایەكی تایبەت بۆ حەجاج دامەزرێنن

964+

محەمەد فاتیح

دەبێت لە دادگاكەی سەدام حەجاج دادگایی بكرێت

دەستگیركردنی حەجاجی تاوانبار، جەلادی نوگرەسەلمان، سەرەتای قۆناغێكی نوێیە لە دۆسیەی تاوانی جینۆسایدى ئەنفال و دەرگای زۆر نهێنی تر دەكاتەوە لەسەر دۆسیەی ئەنفال، چونكه زۆر نهێنی شاراوە هەیە لای حەجاج دەست دەكەوێت و دەمانگەیەنێت بە زۆر زانیاری و نهێنی دیكە.

لەئێستادا دەبێت هەوڵی هەموو لایەنەكان بە چالاكوان و بە یاساناس و بە لایەنی فەرمی ئەوە بێت، حەجاجی تاوانبار چۆن دادگایی بكرێت و لە چ جۆرە دادگایەك دادگایی بكرێت.

هێمن حەسیب، نوسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید، كە كۆنتاكی لەگەڵ دادگای نێودەوڵەتی هەیە و هەموو ساڵێك لەو دادگایە چالاكی هەیە، بۆ 964 باسی لەوە كرد، كە دەستگیركردنی حەجاج هەنگاوێكی زۆر گرنگە و دەكرێت هیچ نەبێت پێمان بڵێت، چەند هەزار كەس لە نوگرەسەلمان زیندانی كراوە و چەند كەسیش لەوێ بەهۆی ئەشكەنجەدانەوە ‌مردوون و گیانیان لەدەستداوە، چونكە بەداخەوە تائێستا ئەو ئامارەمان نییە.

“ئێمە لە عێراق دا تەنها یەك یاسامان هەیە، كه تاوانە نێودەوڵەتییەكان و تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەخۆبگرێت و دادگاییان بكات، ئەویش یاسای دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقە، كە لەساڵی 2005 دەرچووە و سەدام حسێنی تاوانبار و سەرانی رژێمی پێ‌ دادگایی كرا، بەڵام ئەگەر بەپێی یاسای تاوانی عێراقی حەجاج دادگایی بكرێت دۆسیەكە لاواز دەكات”.

هێمن حەسیب، كە ساڵانە بەشداری كۆنفڕانسی زانایانی جینۆساید و كۆنفرانسی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی دەكات لە دەرەوەی وڵات دەڵێت، “بۆ دۆسیەی ئەنفال و بۆ دۆسیەی جینۆسایدی گەلی كورد، زۆر گرنگە حەجاج بدرێتە دادگایەكی نێودەوڵەتی و رەهەندێكی نێودەوڵەتی وەربگرێت، ئەمەش دەستوردانی سیاسی و فشاری كوردی دەوێت و عێراقيش دەتوانێت داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، یان كۆمەڵەی نەتەوەیەكگرتووەكان بكات، دادگایەكی تایبەت بۆ حەجاج دامەزرێنن، وەك ئەوەی رەوەندا و یۆغسلافیا، بەڵام بەگومانم عێراق هەنگاوێكی ئاوها بگرێتەبەر، بۆیە پێویسته لایەنی كوردی لە سیاسییەكان و حكومڕانانی كورد، فشار بكەنه سەر دەوڵەتی عێراق”.

رۆژی هەینی 1.8.2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویكردەوە، هێزەكانیان دوای زیاتر لە شەش مانگ لە بەدواداچوون، توانییان یەكێك لە تاوانبارانی سەردەمی رژێمی بەعس، بەناوی حەجاج حەردان تكریتی، ناسراو بە (حەجاجی نوگرەسەلمان)، كه به دڕندەیەکی شاڵاوی ئەنفال ناسراوه، دەستگیر بكەن.

"ئەوانەی سکاڵایان لەسەر عەجاج هەیە لە ئەمن سوورەکە دەتوانن تۆماری بکەن"