عێراق

زەینەب جەواد، ئەو ژنەی وێنەكانی دزەپێكرا لە هەڵبژاردن دووخرایەوە

ئەرسەلان عەبدوڵا

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوو كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەپێی ماددەی (26/A) لە رێنمایی تۆمارکردن و بڕوانامەدانی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2025ی عێراق، دوورخستەوە، ئەمەش بەهۆی تەواونەکردنی بەڵگەنامەی کاندیدکردنیان.

لە بەڵگەنامەیەکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 4.8.2025 لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەرچووە و تێیدا هاتووە: “دەستەی کۆمسیاران تاوتوێی یاداشتی فەرمانگەی سەرۆکی ئیدارەی هەڵبژاردنەکانی ژمارە (O/R/1630)ی لە 4ی ئابی 2025 کرد، بەناونیشانی ‘دوورخستنەوەی کاندیدەکان'”، دوای تاوتوێکردنی ئەندامانی دەستەی کۆمسیاران، دەستەکە بڕیاریدا:

یەکەم: بێبەشکردنی کاندیدەکان لە (هاوپەیمانی بەدیل) بۆ پارێزگاری بەغدا، کە ناوەکانیان لە خوارەوە هاتووە، بەهۆی تەواونەکردنی بەڵگەنامەکانی کاندیدکردنیان، بە پێی مادەی (26/A) لە رێنماییەکانی تۆمارکردن و بڕوانامەدانی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2025ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وەک لە یاداشتنامەی فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکاندا هاتووە/ بەشی کاروباری کاندیدەکان ژمارە (376) لە 4ی ئابی 2025، هاوپێچ بە یاداشتی دیوانی سەرۆکی کارگێڕی هەڵبژاردن ژمارە (O/R/1630) لە 4ی ئابی 2025.”

لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کاندیدە دوورخراوەكان بریتیین لە “عیسام مستەفا یونس عەبدولواحید ئەلعوبەیدی و زەینەب جەواد حەسەن عەبود ئەلشەحمانی”.

زەینەب جەواد، پارێزەر و چالاکوانی عێراقی، ئەو ژنەیە كە لە رۆژانی رابردوو وێنەكانی بە شێوەیەكی تاڕادەیەك نەشیاو بڵاوكرایەوە، ئەویش لای خۆی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندبوو كە لە لایەن هێزێكی حەشدی شەعبییەوە رفێندراوە و گێچەڵی پێكراوە و راگیراوە، هەروەها دەست بەسەر مۆبایلەكەیدا گیراوە و هەر ئەوانیش وێنە تایبەتەکانی ئەویان بڵاوكردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە لە 28ی حوزەیران لە هەولێرەوە گەڕاوتەوە بەغدا.

زەینەب دەڵێت، هێزەكە بەبێ فەرمانی رەسمی دەستگریان كردووە و سێ مۆبایل و ئاپیادێك و هەروەها لاپتۆپێك و مۆبایلی كچە هاوڕێیەكیشیان بردووە، كە لەگەڵیدا بووە.

زەینەب جەواد، ئەو ژنەی وێنەكانی دزەپێكرا لە هەڵبژاردن دووخرایەوە