شەوانە زیادکردنی ئاشکرای بۆ دەکەن
لە پێشانگایەکی هەڵەبجە ئۆتۆمبێل بە 300 دۆلار فرۆشراوە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لە پێشانگایەکی ئۆتۆمبێل لە هەڵەبجە شەوانە زیادکردنی ئاشکرا بۆ ئۆتۆمبێل دەکرێت و بە نرخێکی زۆر کەمتر لە چاو بازاڕدا دەفرۆشرێت، خاوەنی پێشانگاکەش دەڵێت تەنها پارەی نووسینی بەڵگەنامەکە واتە گرێبەست بۆ ئێمەیە.
حاجی نادر محەمەد، خاوەنی پێشانگاکە بە 964یـی وت، نرخەکان بە پێی تایبەتمەندی ئۆتۆمبێلەکانە و بە گشتی لە 300 دۆلارەوە دەستپێدەکات و هەتا نزیکەی 1700 دۆلار دەچێت، هەرزانترین ئۆتۆمبێل لە لای ئێمە فرۆشرابێت لەم زیادکردنانەدا بە 300 دۆلار فرۆشتوومانە تاکە قازانجی ئەم جۆرە مامەڵەیە بۆ ئێمە نووسینی بەڵگەنامەکەیە کە 30 هەزار دینارە.
بە وتەی نادر محەمەد، ئۆتۆمبێلەکان بێ کێشەن و بەشەرت دەیانفرۆشن، زۆربەی ئۆتۆمبێلەکان لە دەربەندیخانەوە دەهێنرێن بەڵام لە هەموو شوێنێکەوە پەیوەندیان پێوەدەکرێت بۆ کڕین و فرۆشتنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە و بەشداریکردن لە زیادکردنەکاندا.
هێمن عومەر، کڕین و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێل دەکات و لە دەربەندیخانەوە رۆشتووەتە پێشانگاکە بە 964ـی وت، هەموو شەوێک بەشداری ئەم زیادکردنانە دەکەن، ئۆتۆمبێل دەکڕن و دەیفرۆشن و زۆربەی ئەو کەسانەشی ئۆتۆمبێلەکان دەکڕن فرۆشیارن و ئەوانیش بۆ قازانج دەیانکڕن، ئێمەش قازانجێکی کەمی لێدەکەین و قازانجیش نەکەین خۆمان سەرقاڵ کردووە و بۆ بێتاقەتی ئەم کارە دەکەین.
پێداچوونەوە: توانا نەقی