رۆژانە 600 تۆن خاشاک کۆدەکرێتەوە و کارگەکان 150ـی ریسایکلین دەکەن

کارگەکانی ریسایکلینیش دەرەقەتی زبڵ و خاشاکی دهۆک نایەن

+964

عەمار عەزیز – دهۆک

ئەگەرچی خاوەنی دوو کارگەی ریسایکلینە بەڵام دەرەقەتی زبڵ و خاشاکی دهۆک نایەت.

بەسەنتەری دهۆک و قەزای سێمێل رۆژانە 600 تۆن زبڵ و خاشاک رەوانەی ریسایکلین دەکەن، بەڵام بەهەردوو کارگەی ریسایکلینی کواشێ رۆژانە تەنیا 150 تۆن خاشاک ریسایکلین دەکەن و ئەوەی دیکەی ژێر خۆڵ گڵ دەکرێت.

حازم عەبدی، بەڕێوەبەری کارگەی ریسایکلینی کواشێ بە توڕی 964ی وت، هەردوو کارگەی ریسایکلینی کواشێ رۆژانە تەنیا دەتوانن 150 تۆن زبڵ و خاشاک ریسایکلین بکەنەوە.

دەشڵێت: هەردوو کارگەکە تەنیا یەک شەفت کار دەکات، بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی دارایی و پێشینەی مانگانە وایکردووە نەتوانین هەردوو شەفت کار بکەین.

زیاتر وتی “راستە بەشی زۆری زبڵ و خاشاکەکە ژێر خاکی دەکەین، بەڵام هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە”.

لەکۆی 600 تۆن زبڵ و خاشاک تەنیا 150 تۆنی ریسایکلین دەکرێت و 450 تۆنەکەی دیکە ژێر خاک دەخرێت

لەسنووری پارێزگای دهۆک، چوار کارگەی ریساکلین هەیە، دوو کارگە لەناوچەی کواشێیە کە زبڵی سەنتەری دهۆک و قەزای سێمێل ریسایکلین دەخەن، کارگەیەکی دیکە لەسنووری قەزای ئاکرێ هەیە کە رۆژانە 200 تۆن زبڵی ئاکرێ و بەردەڕەش و شێخان ریسایکلین دەکات، هەرچی کارگەی چوارەمە دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدی کە رۆژانە 150 بۆ 170 تۆن زبڵی ئەو سنوورە ریسایکلین دەکات.

بەقسەی حازم عەبدی بێت، ئەو مادانەی بەهۆی جیاکردنەوەی زبڵ و خاشاکەکەی کۆ دەکرێتەوە لەڕێگای مەزادێکی ئاشکرا دەفرۆشێن.

پێداچوونەوەی: فەرمان سادق