دهۆک .. 5387 قوتابی وێنە دەکێشن

+964

هێڤی دێوالی – دهۆک

بە بەشداری قوتابیانی 83 قوتابخانە، پێشانگای ساڵانەی وێنەکێشی پەروەردەی دهۆک بەڕێوەچوو.

بەمەبەستی گرنگیدان و پێشخستنی هونەری وێنەکێشان، ساڵانە پەروەردی شارەکان کێبڕکێی نێوان قوتابخانەکان ئەنجامدەدەن، بۆئەمساڵیش 83 قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی سنووری پەروەردەی رۆژهەڵاتی دهۆک بەشداری پێشانگایەکیان کرد.

بەهەر 83 قوتابخانەکە، پێنج هەزار و 387 قوتابی بە تابلۆی جیاواز بەشدار بوون، 15 قوتابخانەش سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو.

لیژنەیەکی شارەزا براوەکانی ئەو قۆناغە دەستنیشانکردووە و لەسەر ئاستی قوتابخانەکانی بنەڕەتی، واتە پۆڵی یەک بۆ شەشی بنەڕەتی، قوتابخانەکانی ئیمێنکێ پلەی یەکەم، خەبات پلەی دووەم، چریسک پلەی سێیەم، پەیمان پلەی چوارەم، کوردایەتی پلەی پێنجەم.

لەسەر ئاستی پۆڵی حەوت بۆ نۆی بنەڕەتی، قوتابخانەکانی ئاڵا پلەی یەکەم، لیزان پلەی دووەم، سیڤەر پلەی سێیەم، گوڵستان پلەی چوارەم، گومەل پلەی پێنجەم.

لەسەر ئاستی قوتابخانەکانی ئامادەیی، دواناوەندی پاشەڕۆژ پلەی یەکەم، ئامادەیی شالین پلەی دووەم، لەیلاقاسم پلەی سێیەم، بەهرەداران پلەی چوارەم و وارگەی کچان پلەی پێنجەم.

ئەوەی هەیە کێبڕکێی ساڵانەی هونەرییە لەنێوان قوتابخانەکان بە ئامانجی گرنگیدانی زیاتر بە وانەی هونەر

ئەو 15 قوتابخانە سەرکەوتووەی پەروەردەی رۆژهەڵات، دەچنە کێبڕکێ لەگەڵ 15 قوتابخانەی سنووری پەروەردەی رۆژئاوا و پاشان پلەی یەکەم لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک دەستنیشان دەکرێت.

نیوار حەجی، بەرپرسی چالاکییە هونەرییەکانی پەروەردەی رۆژهەڵات بە تۆڕی964ـی وت، ئەوەی هەیە کێبڕکێی ساڵانەی هونەرییە لەنێوان قوتابخانەکان بە ئامانجی گرنگیدانی زیاتر بە وانەی هونەر، هەروەها نیشاندانی توانای بەهرەدارانە بۆ ئەو بەهرەدارەکان گرنگی زیاتر بە تواناکانی خۆیان بدەن.

15 قوتابخانەکەی سنووری پەروەردەی رۆژهەڵات خەڵات کران، هاوکات لەسەر ئاستی پەروەردەی دهۆکیش ئەوەی یەکەم بێت ئەوا جارێکی دیکە خەڵات دەکرێت.

پێداچوونەوەی: فەرمان سادق