29 کەس بوون

فەرمانبەرانی ماڵی بەساڵاچووانی هەولێر بۆ قەیرانەکان راهێنران

964+
ئەحمەد مستەفا

ناوەندی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان JCC دەڵێ، کەمپینێك بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و خۆڕاگری لەسەر ئاستی ماڵان لە پڕۆگرامی REACH، بۆ ژمارەیەك فەرمانبەری ماڵی بەساڵاچووانی هەولێر ئەنجامدرا.

ئەو فەرمانبەرانە ژمارەیان 29 کەس بووە، بۆ “کاری خۆبەخشی، بوومەلەرزە، لافاو، شڵەژان و چارەسەرییەکان” راهێنراون.

ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە پێگەی خۆی نوسیوویەتی، بۆ بەرزکردنەوەی توانای وەڵامدانەوەی کۆمەڵگە و هۆشیارکردنەوەی قوتابییان و هاووڵاتیان لە کاتی رووداوە نەخوازراوەکان، تاوەکو بتوانن خۆیان بپارێزن، بەڕێوبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێرکەمپینەکەیان بەڕێوەبردووە.

لە رووی پراکتیکی و تیۆری فەرمانبەرەکان راهێنراون، لە کۆتایی کەمپینەکەدا جانتای فریاگوزاری سەرەتایی بەسەر بەشداربووان دابەشکراوە.

ئەم کەمپینە لە ساڵی 2021ـەوە دامەزراوە، کە لەلایەن تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا RRU لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەڕێوەدەچیت، تاوەکو ئێستا 89 کەمپین بەڕێوەچووە و تێیدا، پێنج هەزار و 937 کەس سوودمەندبوون.