محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق
"کار بۆ دۆزینەوەی هێرشکارەکان دەکەین"
سودانی: هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم تیرۆرستی بوون
ژووری هەواڵ
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، ئەو هێرشە درۆنییانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدران، کاری تیرۆرستین و کار بۆ دۆزینەوەی هێرشکارەکان دەکەن.
سودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس رایگەیاند، لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغداد پێکهێنراوە و لێکۆڵینەوە دەکات بۆ دۆزینەوەی ئەو لایەنانەی ئەم کارە تیرۆرستییەیان ئەنجامداوە.
سودانی دەڵێت، “پەرە بە تواناکانمان دەدەین بۆ دۆزینەوەی هێرشکارانی درۆنەکان و سەرچاوەی هەڵدانیان”.
سودانی باسی لە پێویستی کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق کرد و وتی، مانەوەیان پاساوی داوەتە گرووپە چەکدارەکان لە دەرەوەی دەوڵەت خۆیان پڕچەک بکەن و بە کشانەوەی هاوپەیمانان ئەو پاساوە نامێنێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە توانای بەرگریی ئاسمانیی عێراق کرد و رایگەیاند، لە کاتی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا توانیویانە 29 هێرش “بۆ سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق” پوچەڵ بکەنەوە.